شهقامی عێراقی تێڕوانینێكی جیاوازیان بۆ ناكۆكی لایهنهكان ههیه
هاووڵاتییهكی بهغدا: ئهوهی ئێمه دهمانهوێت سهقامگیرییه

K24- بهغدا:
پهرلهمانتارێكی لایهنه شیعهكان رایدهگهیهنێت، ماوەی دەستووری سەرۆکایەتی کۆمار تەواو بووە و کەس هەڵنەبژێردراوه، ئەمەش کێشەی بۆ راسپاردنی کوتلەی گەورە لە پەرلەمان دروست کردووە، ئەگەر بایکۆتی كۆبوونهوهكانی پهرلهمانیش بەردەوام بێت؛ ئهوا پێکهێنانی حکومەتیش زەحمەت دەبێت.
دۆخێکی سیاسی و ئابووری ئاڵۆز لە بەغدا هەیە، خەڵکی دەیانەوێت حکومەت پێکبهێنرێت، بەڵام ناکۆکی نێوان هێزە شیعیەکان رێگرن لەبەردەم ئەو پرۆسەیە. کێشەی کەمی خزمەتگوزاری و دۆخی ئەمنی و چەندین کێشەی دیکە لەچاوەڕوانی سەرۆک وەزیرانێکی نوێدایە، پیاوێکی کورد لەبەغدا دەڵێت، من 50 ساڵە لەبەغدام، خەڵکی هیچی ناوێت، تەنیا ئەمان و ئاسایش نەبێت.
کەسابەتی خەڵکی لە بازاڕدا تاڕادەیەک کاریگەری دۆخە سیاسییەکەی پێوەدیارە، له بازاڕێکی گهورهی بهغدا گفتوگۆ لهگهڵ زۆر كهس كرا، زۆربەیان بۆچوونێکی جێگیریان لادروستبووە، ئەمجارە چاوەڕێی حکومەتێکی جیاوازن.
مام حەیدەر و هاوڕێکەی لە ناوچەی باب شێخی بەغدابوون کوردن و دەڵێن، زیاتر لە 50 ساڵە لێرە نیشتەجێن، رەنگە ئەوان ئێستا لەهەموو کەس زیاتر نزیک بن لە داواکاری شەقامی عێراقییەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
حەیدەر زیرەک، دانیشتووی بهغدایه، ئاماژهی بهوه كرد، ئێمه بهس سهقامگیریمان دهوێت، ماوهی 54 ساڵه لهو بازاڕه كاردهكهم، تهنیا نانه وشكه بێت، بهس سهقامگیریمان دهوێت.
بەکوێی بەغدا دەڕۆیت، دروشمی یا حوسینت بەرچاو دەکەوێت، رەنگە لە دوای ساڵی (2003)ەوە ئەمە تەنیا ئازادیەک بێت، کە شیعە مەزهەبەکانی پایتەخت بەدەستیانهێناوە، لەوە بترازێ وەک دانیشتوانی بەغدا دەڵێن، هیچ لەدۆخی ئەوان نەگۆڕاوە، بگرە بە بهراورد بەسەردەمی پێش ساڵی (2003) خراپتریش بووە.
ئەم حکومەتەی کە عێراقییەکان لە چاوەڕوانی دروستکردنیدان، پێناچێت هەر وا بەئاسانی پێک بهێنرێت. ئەوەی کە پرسی پێکهێنانی حکومەت یەکلای دەکاتەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقه، بەڵام هێشتا لایەنە ناکۆکەکانی شیعە نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێک بۆ پێکهێنانی حکومەت.
باسم خەشان، پەرلەمانتاری عێراق ئاشكرای كرد، "پرسیار لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە ههیه، هێشتا کاتی ماوە، چونکە ماوەی دەستووری ماوە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ماوەی دەستووری سەرۆکایەتی کۆمار تەواو بووە و کەس هەڵنەبژێردرا، ئەمەش کێشەی بۆ راسپاردنی کوتلەی گەورە لە پەرلەمان دروست کردوە، ئەگەر بایکۆت بەردەوام بێت؛ پێکهێنانی حکومەتیش زەحمەت دەبێت".
جوڵە و کۆبوونەوەی هێزە سیاسییەکان بەردەوامن، هەنگاوەکان بۆ ئەوەیە کە حکومەت پێکبهێنرێت، بەڵام هێشتا ئاسۆیەکی روون نییە.