وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا: ئاماژەی مەترسیدار لە رووسیا هەیە
"زانیارییە هەواڵگرییەکانمان دەریدەخەن داگیرکردنی ئۆکرانیا نزیکە"
K24- ههولێر:
بڕیارە ئەمڕۆ ههردوو سەرۆکی ئەمهریکا و رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ تاووتوێ بکەن. ئەمەش لە كاتێكدایە، كە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرایكرد، ئاماژەی زۆر مەترسیداری ئاڵۆزبوونی دۆخەکە لەگەڵ رووسیا هەیە.
تا دێت ئەگەری شەڕ و پێکدادان لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەرزدەبێتەوە. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئاماژەكان زۆر مەترسیدارن و ئێستا لە دۆخێکدان، کە دەکرێت داگیرکردن لە هەر خولەکێکدا رووبدات.
بلینکن ئاشكرای كرد، ئاماژەی زۆر مەترسیداری ئاڵۆزبوونی دۆخەکە لەگەڵ رووسیا هەیە، لەوانە بڵاوكردنەوەی ھێزی زیاتر لەسەر سنوورەكانی ئۆکرانیا رووبدات، ئەگەر سەرۆكی رووسیا بڕیاری شەڕ بدات، ئێستا لە دۆخێکداین دەکرێت داگیرکردنێک لە هەر خولەکێکدا رووبدات. نازانم كە پوتن بڕیارێكی لەوجۆرەی داوە یان نا، بەڵام دەزانین تا ئەو ئاستە ئامادەكارییەكانی كردووە، كە لەماوەیەكی كەمی داھاتوودا ئەوكارە بكات.
ھاوكات جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمهریکا روونیكردهوه، ئێستا ناتوانن بڵێن سەرۆکی رووسیا، بڕیاری تەواوی لەسەر داگیرکردنی ئۆکرانیا داوە، بەڵام زانیاریی ھەواڵگریی بەھێزیان ھەیە لەسەر پرسی دەستپێکردنی داگیرکارییەکە لە ھەر ئان و ساتێکدا.
روونیشكردهوه، زانیارییە هەواڵگرییەکانمان دەریدەخەن داگیرکردنی ئۆکرانیا نزیکە. دەمەوێت ئەوە روونبکەمەوە، کە دەکرێت لە کاتی یارییەكانی ئۆڵمپیادی زستانەدا دەستپێبکات، سەرەڕای پێشبینییەکی زۆر کە دەگوترێت لەوانەیە لەدوای ئۆڵمپیک رووبدات، دەکرێت لەهەر ئانوساتێکدا هێرشی رووسیا دەستپێبکات.
بە مەبەستی ھێوركردنەوەی دۆخەكە بڕیارە ئەمڕۆ جۆو بایدن، سهرۆكی ئهمهریكا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆ بكەن. ههرچهنده بڕیار بوو بایدن و پوتن رۆژی دووشەممە قسە بکەن، بەڵام بەپێی میدیا ئەمهریکییەکان لەسەر داوای سهرۆكی ئهمهریكا کاتی قسەکردنەکە پێشخراوە.