ئه‌مه‌ریكا له ئۆكرانیا كشایه‌وه

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن)، رایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و سه‌ربازانه‌ی له ئۆكرانیا ماونه‌ته‌وه، پاشه‌كشه‌یان پێده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی "له شوێنی دیكه‌ی ئه‌وروپا جێگیر بكرێن".
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (12ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، گوته‌بێژی پێنتاگۆن، "جۆن كێربی" گوتی: هیچ سه‌ربازێكمان له ئۆكرانیا ناهێڵینه‌وه و پاشه‌كشه‌یان پێده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی شوێنی دیكه له ئه‌وروپا بكرێن.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، "جۆن كێربی" روونیكرده‌وه، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، "لوید ئۆستن" بڕیاری داوه، ئه‌و (160) سه‌ربازه‌ی پاسه‌وانی نیشتمانی بكشێنێته‌وه، وه‌ك رێگه‌یه‌ك بۆ پاراستنی گیانیان له ئه‌گه‌ری هه‌ر مه‌ترسییه‌ك.
دوێنێ هه‌ینی، (11ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، له هه‌ر ساتێك‌دا بێت، رووسیا، هێرشده‌كاته سه‌ر ئۆكرانیا و داگیری ده‌كات.
گوته‌بێژی پێنتاگۆن، ئه‌وه‌شی گوت: ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین له پشتیوانیكردنی هێزه‌كانی ئۆكرانیا، هه‌ندێك نه‌رمی ده‌نوێنین بۆ هاوپه‌یمانه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا ببنه‌وه له‌وه‌ی رێگری له هه‌ر هێرشێك ده‌كه‌ین بۆ سه‌ریان.
له (2015)ـه‌وه، به‌شێك له هێزه‌كانی یه‌ده‌گ له هێزی پاسه‌وانی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا، به گوێره‌ی خشته‌یه‌كی دیاریكراو له ئۆكرانیا بوون بۆ ئه‌وه‌ی مه‌شق و راهێنان به سوپای ئۆكرانیا بكه‌ن.
ئه‌و هێزه ئه‌مه‌ریكاییه‌ی چووبوو بۆ هاوكاریكردنی سوپای ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ به ته‌واوی پاشه‌كشه‌ی پێكرا.
پێشتریش، ئه‌مه‌ریكا، سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی نا پێویستی له باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له "كییڤ" كشانده‌وه و هۆشداری دایه هاووڵاتیانی له ئۆكرانیا بچنه ده‌ره‌وه، له ترسی ئه‌گه‌ری هێرشی سوپای رووسیا بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته.
ئه‌مڕۆش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، "ئه‌نتۆنی بلینكن" په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، "سێرگی لاڤرۆڤ" كرد و تێیدا گوتی: ئه‌مه‌ریكا هێشتا رێگه‌ی دیپلۆماتی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و دوورخستنه‌وه‌ی ئۆكرانیا له مه‌ترسی شه‌ڕ به كراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ده‌ریكردووه، ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو، له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، "لاڤرۆڤ" به "بلینكن"ی وتووه: "ئه‌و هه‌ڵمه‌ته پڕوپاگه‌نده‌ییه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی دژ به رووسیا ده‌ستیان پێكردووه، ئامانج لێی هه‌راسانكردنی رووسیایه".
هه‌روه‌ها هاتووه: "ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه هانی ده‌سه‌ڵاتدارانی كییڤ ده‌دات، رێككه‌وتنی مینسك تێك بده‌ن و زیان به‌و هه‌وڵانه بگه‌یه‌نن، كه خراونه‌ته‌گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دونباس له خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا".
په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان "لاڤرۆڤ و بلینكین" پێش ئه‌و په‌یوه‌ندییه چاوه‌ڕوانكراوه‌یه، كه بڕیاره له نێوان سه‌رۆكی رووسیا، "ڤلادیمێر پوتن" و سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، "جۆ بایدن" و سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، "ئیمانوێڵ ماكرۆن" ببه‌سترێت، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ش دێت، كه ئه‌مه‌ریكا هۆشداری دا له "داگیركردنی ئۆكرانیا له لایه‌ن رووسیاوه".
ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه، ئاڵۆزی له په‌یوه‌ندییه‌كانی رووسیا و وڵاتانی خۆرئاوا هاتووه‌ته ئاراوه.
رووسیا سه‌د هه‌زار سه‌ربازی له سه‌ر سنووره‌كانی ئۆكرانیا مۆڵ داوه و داوا ده‌كات، ئه‌وروپایی و خۆرئاواییه‌كان ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه بكه‌ن، كه هێزه‌كانی "په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی – ناتۆ" له سنووره‌كانی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات بكشێننه‌وه و ئۆكرانیا له ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كه بمێنێته‌وه.
ئه‌مه‌ریكا له لایه‌ن خۆیه‌وه، ئه‌و داوایه‌ی رووسیای ره‌تكردووه‌ته‌وه و هاوكات داوا ده‌كات، رێككه‌وتنێكی نوێی ئه‌وروپایی له‌گه‌ڵ رووسیا بكرێت بۆ داماڵینی چه‌ك.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، ئه‌مڕۆ شه‌ممه (12ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) له به‌یاننامه‌یه‌كدا، رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی خۆرئاوا داواكارییه "بنه‌ڕه‌تییه‌كانی" رووسیایان پشتگوێ خستووه.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس
وه‌رگێڕانی: ئ.ر