داهێنه‌رانی پێكوته‌ی كۆرۆنا خه‌ڵاتی "ئه‌تاتورك"یان ره‌تكرده‌وه
وه‌ڵامی دامه‌زراوه‌كه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه

K24 – هه‌ولێر:
هه‌ریه‌ك "ئوگور شاهین" و هاوسه‌ره‌كه‌ی، "ئوزلیم توریجی"، كه به داهێنه‌ری پێكوته‌ی "بی‌و ئێن تیك"ی كۆرۆنا داده‌نرێن، خه‌ڵاتی "ساڵانه‌ی ئه‌تاتورك"یان ره‌تكرده‌وه.
ئه‌و دوو هاوسه‌ره، ئه‌و خه‌ڵاته‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه، كه دامه‌زراوه‌ی "فیكری ئه‌تاتورك" پێی به‌خشیبوون.
دامه‌زراوه‌ی "فیكری ئه‌تاتورك" دامه‌زراوه‌یه‌كی سیكۆلاره و كار بۆ په‌ره‌پێدان و بڵاوكردنه‌وه‌ی فیكری دامه‌زرێنه‌ری كۆماری توركیای نوێ، "مسته‌فا كه‌مال" ده‌كات، كه له لای توركه‌كان به "ئه‌تا تورك" ناوده‌برێت به مانای "باوكی تورك" و ئه‌و دامه‌زراوه‌یه له (1989)ـه‌وه دامه‌زراوه.
دامه‌زراوه‌كه رایگه‌یاندووه، ئه‌و دوو هاوسه‌ره‌ی داهێنه‌ری پێكوته‌ی كۆرۆنا خه‌ڵاتی ئه‌مساڵیان ره‌تكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچ لێدوان و روونكردنه‌وه‌یه‌كیان له باره‌ی ئه‌و ره‌تكردنه‌وه‌یه رانه‌گه‌یاندووه.
پێشتر له (30ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2021)، سه‌رۆكی توركیا، "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان" ستایشی ئه‌و داهێنانه‌ی زانا توركه‌كانی نیشته‌جێی ئه‌ڵمانیای كردبوو.
"ئوگور شاهین" (56 ساڵ) سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕی كۆمپانیای "بیونتك"ی ئه‌ڵمانی بۆ پیشه‌سازی ده‌رمان ده‌كات و و هاوسه‌ره‌كه‌ی "ئوزلیم توریجی" (54 ساڵ)، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌یه.
"شاهین" له ویلایه‌تی "هاتای" توركیا له‌دایكبووه و له‌گه‌ڵ باوكی كۆچی كردووه بۆ ئه‌ڵمانیا، كه ئه‌و كات ته‌مه‌نی ته‌نیا چوار ساڵ بووه و له‌وێ خوێندنی ته‌واو كردووه و بووه‌ته مامۆستا له توێژینه‌وه‌كانی زانستی به‌رگری و شێرپه‌نجه. ئه‌و له (1992) بڕوانامه‌ی دكتۆرای ته‌واو كردووه و پسپۆڕییه‌كه‌ی تایبه‌ته به چاره‌سه‌ری به‌رگری خانه‌كانی تووشبوو به شێرپه‌نجه.
"شاهین" به هۆی داهێنانی پێكوته‌ی كۆرۆناوه، بووه‌ته یه‌كێك له سه‌د هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا و له (2008)ه‌وه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی كۆمپانیاكه‌ی تایبه‌ت به پێشخستنی به‌رگری دژی شێرپه‌نجه به‌ڕێوه ده‌بات.
له‌گه‌ڵ هاتنی كۆرۆنادا، كۆمپانیاكان كه‌وتنه كێبڕكێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر، "شاهین" و هاوسه‌ره‌كه‌ی توانیان چاره‌سه‌ر بدۆزنه‌وه و له‌گه‌ڵ كۆمپانیای "فایزه‌ر"ی ئه‌مه‌ریكایی گرێبه‌ستیان كرد، بۆ پێشخستنی پێكوته‌ی كۆرۆنا.
سه‌رچاوه: پهیامكورد
وه‌رگێڕان: ئ.ر