مه‌سرور بارزانی هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كونسوڵ و نێرده‌ بیانییه‌كان تاوتوێ ده‌كات

ئەڵمانیا هاوبەشێکی پشتیوانکەرە لە زۆرێک لەو دەستپێشخەرییانەی حکومەتی هەرێم، کە بەڕێزیان ئاماژەی پێدان

K24 – هه‌ولێر:

هه‌ریه‌ك له‌ پرسه‌كانی چاكسازی و ده‌رفه‌ته‌كانی بواری ئابووری، هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و پرسی كۆچبه‌ران له‌ گرنگترین ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ بوون، ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كونسوڵ و نێرده‌ بیانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان تاوتوێی كردن.

له‌ رێی هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ نێرده‌ بیانییه‌كان كردووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌تی: "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ دیپلۆماتكاره‌ بیانییه‌كانی هه‌رێم باسمان له‌ پێشهاته‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له‌ به‌غدا و چاكسازییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد".

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "پرسی هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ و پێكوته‌ی كۆرۆنا و پرسی كۆچبه‌رانمان تاوتوێكرد".

مه‌سرور بارزانی، روونیكردووه‌ته‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نێرده‌ بیانییه‌كان باسی له‌و پێشكه‌وتنانه‌ كردووه‌، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری چاكسازی و به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی كاروباری حكومه‌ت و هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌ ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و زۆركردنی داهات و بنیاتنانی هاوبه‌شی نێوان كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییه‌كان له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و وزه‌دا كردووه‌.

كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ (10ی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2019) ده‌ستبه‌كار بووه‌ و له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵ و نیوی ته‌مه‌نیدا، بره‌وی به‌ كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و وزه‌ و كشتوكاڵ داوه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای چاكسازی كه‌ كابینه‌كه‌ پێشنیازی كردبوو و په‌رله‌مان په‌سندی كرد، پرۆسه‌یه‌كی چاكسازی به‌رده‌وامی بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی له‌ بواره‌ جیاجیاكانی كه‌رتی گشتییدا ده‌ستپێكردووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، كونسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر، له‌ تویتێكدا ستایشی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌، سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ دیپلۆماتکارانی لە گشت روانگەکانی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارکردەوە. ئەڵمانیا هاوبەشێکی پشتیوانکەرە لە زۆرێک لەو دەستپێشخەرییانەی حکومەتی هەرێم، کە بەڕێزیان ئاماژەی پێدان.

سه‌رۆكی حكومه‌ن له‌ كاتی پێشوازیكردن له‌ كونسوڵی ئه‌ڵمانیا
سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ كاتی پێشوازیكردن له‌ كونسوڵی ئه‌ڵمانیا

سەرۆکوەزیران @masrour_barzani ئەمڕۆ دیپلۆماتکارانی لە گشت روانگەکانی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارکردەوە. ئەڵمانیا هاوبەشێکی پشتیوانکەرە لە زۆرێک لەو دەستپێشخەرییانەی حکومەتی هەرێم، کە بەڕێزیان ئاماژەی پێدان. pic.twitter.com/kKsi9WLUwS