کرێکارانی کەرتی تایبەت خانەنشین دەکرێن
پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە خانەنشین کردنی کرێکاران ئامادە دەکرێت

K24 - هەولێر
حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی پڕۆژە یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی كاردەكات، بۆ خانەنشین كردنی كرێكارانی كەرتی تایبەت. بەگوێرەی پڕۆژە یاساكە ھەر كرێكارێك دەستەبەر كرابێت خانەنشین دەبێت. بۆ رەگەزی نێر تەمەنی سەرووی 60 ساڵ دیاركراوە و بۆ رەگەزی مێ تەمەنی 55 ساڵ دیاركراوە، لەكاتی خانەنشین بوونیش دۆخی تەندروستی و ژمارەی منداڵ لەبەر چاودەگیرێت.
رەشنووسی پڕۆژە یاسایەک بۆ خانەنشین کردنی کرێکارانی کەرتی تایبەت ئامادەکراوە، رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی تێبینیان لەسەر پڕۆژە یاساكە ھەیە، دوای وەرگرتنی تێبینییەكان دەدرێتەوە پەرلەمانی کوردستان.
عارف عیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "تێبینییەکانی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی جێگای دڵخۆشی ئێمە بوو، ئاماژەیان بەوەکرد کە هەموو ماددەکانی رەشنووسی پڕۆژە یاساکە بەپێی ستانداری جیهانی دانراوە، هەندێک تێبینیان لەسەر بابەتی خانەنشینی هەبوو".
راشیگەیاند: "بەگوێرەی یاسای 39ی ساڵی 1971ی عێراق کە لە ساڵی 2012 هەموار کراوەتەوە، هەر پیاوێک تەمەنی بگاتە 60 ساڵ و 25 ساڵ خزمەتی هەبێت خانەنشین دەکرێت، بۆ ئافرەتیش 54 ساڵ و 20 ساڵ خزمەت. لەم رەشنووسەدا ئێمە ساڵەکانی خزمەتمان کەمکردووەتەوە، بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ کەرتی گشتی، هەر کەسێک 15 ساڵ خزمەتی هەبێت 55 ساڵ بۆ ئافرەت و 60 ساڵ بۆ پیاو مافی خانەنشین بوونی هەیە".
ھەنگاو عەبدوڵڵاخان، سەرۆكی یەكێتی سەندیكای كرێكارانی كوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەو پڕۆژە یاسایەدا بۆ دەستەبەركردنی ھەر كرێكارێك لە كەرتی تایبەت دوو مەرج ھەیە. ئەوانەی خاوەن كاریان ھەیە دەبێت %12 دەستەبەریەكە خاوەن كار بێدات و %7یش كرێكارەكە خۆی دابینی بكات، بۆ ئەو كرێكارانەش خاوەنكاریان نییە، دەبێت حكومەت %10 بدات و 5%یش كرێكارەكە خۆی دابینی بكات. سەندیكای كرێكارانی كوردستان پشتگیری پڕۆژەكە دەكەن.
لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە 127 ھەزار كرێكار دەستەبەر كراون 670 كرێكار خانەنشین كراون. جگە لەو كرێكارانەی لە بازاڕی رەش كاردەكەن دەستەبەر نەكراون. بەگوێرەی بڕیارێكی نوێی وەزارەتی كاریش لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیان كردووە بە دەستەبەركردنی كرێكاری بیانی، بەگوێرەی بڕیارێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كرێی ھەر كرێكارێك كە ھیچ بڕوانامە و ئەزموونی كاری نەبێت، یان ناكارەمە بێت بۆ ھەر مانگێك نابيت 350 ھەزار دینار كەمتر بێت.