ئه‌مه‌ریكا باڵیۆزخانه‌كه‌ی له‌ كیێڤ داده‌خات

رووسیا هێزێكی زیاتر له‌سه‌ر سنووره‌كانی ئۆكرانیا كۆده‌كاته‌وه‌.. ئه‌مه‌ریكا داوا له‌ هاووڵاتییانی له‌ ئۆكرانیا ده‌كات به‌ زووترین كات ئه‌و وڵاته‌ جێ بهێڵن

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ كیێڤ
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ كیێڤ

K24- هه‌ولێر:

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ كیێڤی پایته‌ختی ئۆكرانیا داده‌خات و ده‌یگوازێته‌وه‌ بۆ شاری له‌ڤیڤ له‌ رۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌.

ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتی: دۆخی سه‌ر سنووره‌كانی ئۆكرانی و رووسیا زۆر ئاڵۆزه‌ و رووسیا هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كی كردووه‌ و هێزێكی زۆری له‌سه‌ر سنوور كۆكردووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد، ئه‌مه‌ریكا باڵیۆزخانه‌كه‌ی له‌ كیێڤی پایته‌ختی ئۆكرانیا داده‌خات و ئه‌ركه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه‌ شاری له‌ڤیڤیی "ئۆكرانیای رۆژئاوا" و جه‌ختی كرده‌وه‌، "باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئۆكرانیا به‌رده‌وام ده‌بێت".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتیشی: داوا له‌ هه‌ر هاووڵاتیێكمان ده‌كه‌ین، كه‌ تا ئێستا له‌ ئۆكرانیا ماونه‌ته‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ ئه‌و وڵاته‌ جێبهێڵن.  

كه‌ناڵی (سی بی ئێس)ی ئه‌مه‌ریكیش له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی باڵای وڵاته‌كه‌ی كه‌ ئاماژه‌ی به‌ ناوی نه‌كردووه‌، گواستییه‌وه‌، رووسیا چه‌كی قورس و مووشه‌كی دوورهاوێژی گواستووه‌ته‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ی به‌ نیازه‌ هێرشه‌كه‌ی لێیه‌وه‌ ئه‌نجام بدات.

وێنه‌ی جووڵه‌ی سوپای رووسیا و سه‌ربازگه‌كانی له‌سه‌ر سنووری ئۆكرانیا، له‌ رێگه‌ی مانگی ده‌ستكرده‌وه‌
وێنه‌ی جووڵه‌ی سوپای رووسیا و سه‌ربازگه‌كانی له‌سه‌ر سنووری ئۆكرانیا، له‌ رێگه‌ی مانگی ده‌ستكرده‌وه‌

وه‌ك ئه‌و كه‌ناڵه‌ ئاماژه‌ی پێدا، له‌ رێگه‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌ جووڵه‌ی هێزه‌كانی رووسیا بۆ هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی هێرشكردن له‌ سه‌ر سنووری ئۆكرانیا تۆماركراون.

H.B