وەزیری پلاندانان: حکومەتی هەرێمی کوردستان و قەتەر بۆ رێککەوتن تیمی هاوبەش دروست دەکەن
"میری قەتەر زۆر جەختی لەوە کردەوە کە دەیانەوێت رێککەوتن لەسەر وەبەرهێنان لەنێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە"

K24 – هەولێر
لە کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و میری قەتەر و سەرۆک وەزیرانی قەتەر، بڕیاردراوە تیمی هاوبەش لەسەرجەم سێکتەرەکان دروست بکرێت و رێککەوتن بۆ وەبەرهێنان بچێتە بوار جێبەجێکردنەوە.
د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە یاوەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە سەردانەکەی بۆ وڵاتی قەتەر بە کوردستان24ی راگەیاند: "کۆبوونەوەکان لە قەتەر لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێمە لە کرانەوە بەرەو دەرەوە بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو، لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای قەتەر، باس لە پەرەپێدانی زیاتری سێکتەرەکانی ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، کشتوکاڵ و وەبەرهێنان کرا".
گوتیشی: "بەرپرسانی باڵای قەتەر زۆر بە گەرمی پێشوازیان لێکردین، کە جێگەی خۆشحاڵییە، تەنانەت میری قەتەر و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە پێیان باشە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، بەتایبەتی لە بواری نەوت و گازی سرووشتی".
وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ جەختمان لەسەر کردەوە وەبەرهێنان بوو لە بواری پیشەسازی و کشوکاڵ، نەوت و گازیش تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان بوو، چونکە دەوڵەتی قەتەر لە وەبەرهێنان لە گازی سرووشتی زۆر پێشکەوتووە".
د. دارا رەشید، روونیکردەوە: "بەرپرسانی باڵای قەتەر لە کۆبوونەوەکان داوایان کرد تیم دروست بکرێت، بۆ ئەوەی بەدواداچوون هەبێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لە هەموو سێکتەرەکان تیمی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر دروست بکرێت، جێگەی خۆشحاڵییە گەرموگوڕی زۆری دەسەڵاتدارانی قەتەرمان دیت".
راشیگەیاند: "دوای گەڕانەوەمان بۆ هەرێمی کوردستان، لیژنە لە هەموو سێکتەرەکان پێکدەهێنین کە پەیوەندیداربن بە بوارەکان، پێشتریش شاندێکی حکومەتی قەتەر سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان گفتوگۆیان لەسەر وەبەرهێنان کردووە، لە داهاتوودا کۆبوونەوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و قەتەر بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجام".
ئاشکراشی کرد: "میری قەتەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر جەختی لەوە کردەوە کە دەیانەوێت رێککەوتن لەسەر وەبەرهێنان لەنێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە سەرەتا دەکرێت بە پڕۆژەیەک دەستپێبکات، دواتر پڕۆژەی دیکەی بەدوادابێت".
وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم، سەبارەت بەوەی کە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دژی هەرێمی کوردستان تاچەند کاریگەری لەسەر گفتوگۆکان و رێککەوتن دەبێت، گوتی: "رێز لە بڕیارەکە دەگرین، بەڵام نادەستوورییە، چونکە دەستوور ماف دەدات بە هەرێمەکان وەبەرهێنان لە بواری نەوت و گاز بکەن، بەپێی دەستوور ئەو مافە بە هەرێمی کوردستان دراوە و ئێمە مومارەسەی مافە دەستوورییەکانمان کردووە".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەوەی بەلامانەوە سەیرە لە ساڵی 2012 ئەو بابەتە هەیە، دوێنێ بە پەلە لە دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارە دەدرێت، لەکاتێکدا ئێمە پێشتر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە هەن لەگەڵ حکومەتی عێراق لە گفتوگۆدا بووین، داوامان کردووە پێویستە لە عێراق یاسای نەوت و گاز هەبێت، داواشمان کردبوو لە کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەو بڕیارە هیچی بۆ حکومەتی داهاتووش نەهێشتووەتەوە".
جەختیشی کردەوە: "بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی قابیلی جێبەجێکردن نییە، و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە مومارەسەی مافە دەستوورییەکانی، ئەگەر هەر گرفتێک یان گومانێک لەسەرج گرێبەستە نەوتییەکان هەبێت، ئەوا دەبێ لەناوخۆمان چارەسەری بکەین، دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت مافێکی دەستووری حکومەتی هەرێمی کوردستانە".
د. دارا رەشید، ئەوەشی خستەڕوو: "لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی قەتەر لەبارەی دۆخی عێراق و پێکهێنانی حکومەت، جەختمان کردەوە، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە لەگەڵ سەقامگیری عێراقین".