مه‌سرور بارزانی به‌شداری له‌ كۆنفرانسی میونشن ده‌كات

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ده‌كات.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ده‌كات.

بڕیاره‌ كۆنفرانسه‌كه‌، سبه‌ی هه‌ینی (18ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) ده‌ستپێبكات و دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ قه‌ته‌ر و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌، به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا به‌ڕێكه‌وت.

ئەمساڵ خولی 58ه‌مینی كۆنفرانسی میونشن به‌ڕێوه‌ده‌چێت و به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی جیاجیا له‌ ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌شدارن تێیدا.

بەهۆی رێوشوێنەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مساڵ ژمارەیەکی کەمتری سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بە بەراوورد بە ساڵانی رابردوو ئامادەی کۆنفرانسەکە بن.

 لەو کۆنفرانسەدا، بڕیاره‌ مەسرور بارزانی دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمه‌ریکا هەبێت.

هەڕەشەی تیرۆر، دۆخی ئاسایشی ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان دەبێت.

643

 لە ساڵانی رابردوودا، بە هەمان شێوەی ئەمساڵ هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیەکی کارای لە کۆنفرانسەدا هەبووە و دوو ساڵ لەمەوبەر لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، مەسرور بارزانی لەگەڵ هەریەک لە مایک پۆمپێیۆ، وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا و وەزیری وزەی و بەرگری ئەوکاتی ئەمه‌ریکا و سەرۆک وەزیرانی بولگاریا هەروەها وەزیری ئەوکاتی بەرگری ئەڵمانیا کۆبوونەوە.

 ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، تورکیا و ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وڵاتانی جیهان کۆبوونەوە، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بە گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش.

 ساڵانە له‌ كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، قه‌یرانەکانی جیهان و پرسی به‌رگری و سیاسه‌تی ده‌ره‌كی و هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی جیهان تاوتوێ ده‌كرێن.

 بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی گەورە لەنێوان رووسیا و رۆژئاوا لەسەر ئۆکرانیا.

هەروەها چاوەڕی دەکرێت، رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی کۆچبەران و رێککەوتنی ناووكی ئێران و ململانێکانی ئەمه‌ریکا و چین و رکابەرایەتی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی جیهان لە بواری تەکنەلۆژیادا تەوەری سەرەکی کۆنفرانسەکەی ئەمساڵ بن.

 له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا جگه‌ له‌و پرسانە تاوتوێی كاریگه‌ری گه‌رمبوونی زه‌وی و گۆڕانی کەشوهەوا، پرسێکی گەرمی کۆنفرانسی میونشن2022 دەبێت.

Fly Erbil Advertisment