رووسیا چه‌كی ناووكی ده‌باته سه‌ر سنووری ئۆكرانیا
"چه‌كی ناووكی و كاریگه‌ر بڵاوه پێده‌كه‌ین"

K24- هه‌ولێر:
سه‌رۆكی بێلارووس ئاشكرای ده‌كات، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه پێشوازی له چه‌كی ناووكی رووسیا بكات، له حاڵی دروستبوونی هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا.
ئه‌لیكسه‌نده‌ر لۆكاچینكۆ، سه‌رۆكی بێلارووس كه هاوپه‌یمانی به‌هێزی مۆسكۆیه، رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر پێویست بكات، چه‌كی ناووكی و كاریگه‌ر له وڵاتمان بڵاوه پێده‌كه‌ین.
لۆكاچینكۆ، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌و كات چه‌كی ناووكی رووسیا ده‌هێنینه بێلارووس، كاتێك دوژمنه‌كانمان رێوشوێنی گێلانه بگرنه به‌ر.
سه‌رۆكی بێلارووس، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن وڵاتانی رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌مان لێنه‌كرێت، پێویست به‌وه ناكات چه‌كی ناووكی بڵاوه پێبكه‌ین.
دوای كه‌وتنی یه‌كێتی سۆڤییه‌تی پێشوو له ساڵی 1991، بێلارووس ته‌واوی چه‌كه ناووكییه‌كانی رووسیای له‌ناو خاكی خۆی برده ده‌ره‌وه، له ئێستادا ره‌زامه‌ندی نیشانداوه دووباره ئه‌و چه‌كانه بهێننه‌وه ولاته‌كه‌یان، كه له باشووره‌وه له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا هاوسنوورن.
به گوێره‌ی ده‌ستووری بێلارووس، رێگه به‌وه نادرێت چه‌كی ناووكی له وڵاته‌كه‌یان بڵاوه پێبكرێت، لۆكاچینكۆ هه‌وڵده‌دات، ئه‌و ده‌قه ده‌ستوورییه بگۆڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌پێدراو بێت ئه‌و كاره بكات، به‌نیازن دوای 10 رۆژی دیكه ئه‌و گۆڕانه ده‌ستوورییه بخه‌نه به‌رده‌م خه‌ڵكی بێلارووس و ده‌نگی پێبده‌ن.
واشنتن نیگه‌رانی له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی ده‌ستووری بێلارووس ده‌ربڕیووه، تایبه‌ت به بڵاوه‌پێكردنی چه‌كی ناووكی له مینسك.