ژنە مامۆستایەک لەگەڵ هاوسەرەکەی نهێنی مەترسیداری دەوڵەتییان فرۆشتووە
هاوسەرەکەی ئەندازیاری ناووکی بووە لە هێزی دەریایی وڵاتەکەی

K24 - هەولێر:
هاوسەری ئەندازیارێکی ئەتۆمی لە هێزی دەریایی ئەمەریکا لە تاوانی فرۆشتنی زانیاری نهێنی ژێردەریایی بە وڵاتێکی دیکە تێوە گلاوە.
وەزارەتی دادی ئەمەریکا رایگەیاند، دایانا تۆبی (46 ساڵ) دانی بەوەدا ناوە کە یارمەتیدەر بووە لە پلانی هاوسەرەکەیدا بۆ فرۆشتنی زانیاری نهێنی ژێردەریایی هێزی دەریایی ئەمەریکا بە وڵاتێکی دیکە.

بە پێی تۆمەتەکان، ئەو وەک چاودێریکەری مامەڵەکە هەڵسوکەوتی کردووە، لە کاتێکدا مێردەکەی لە نزیک ماڵەکەی خۆیان لە ویلایەتی ماریلاند زانیاری زۆر نهێنی لەسەر تەکنەلۆجیای ژێردەریایی ناووکی بە کڕیارەکە بفرۆشێت.
دایانا تۆبی کە پیشەی مامۆستا بووە لە قوتابخانەیەکی تایبەت، تا هەفتەی پێشوو بانگەشەی بێتاوانی دەکرد و دەیگووت ئاگاداری فرۆشتنی داتای نهێنی نییە، بەڵام هەفتەی رابردوو هاوسەرەکەی "جۆناسان تۆبی" دانی بەوەدا نا کە هاوسەرەکەی لە مامەڵەی فرۆشتنی زانیاریەکاندا یارمەتیدەری بووە.

دایانا تۆبی رووبەڕووی سزای زیندانی هەتا هەتایی نابێتەوە، بەڵام بە دانپێدانان و واژووکردنی رێکەوتنێك لەگەڵ داواکاری گشتی، بە لایەنی زۆرەوە 3 ساڵ زیندانی دەکرێت.
هاوسەرەکەشی رووبەڕووی سزای 12 ساڵ و 6 مانگ زیندانی کردن دەبێتەوە.
جۆناسان تۆبی، ئەندازیاری ناوکی بوو لە هێزی دەریایی ئەمریکا کە مامەڵەی لەگەڵ سیستەمی هێزی ژێردەریایی ناوەکی دەکرد، جۆناسان و دایانا لە 9ی تشرینی یەکەمی 2021 دەستگیرکران دوای ئەوەی میمۆریەکی بچووکیان هەڵگرتبوو، کە نهێنیەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکای تێدا بوو.

پرۆسەی فرۆشتنەکە بە زنجیرەیەک و لە چەن شوێنێکی دوور لە یەکدا ئەنجام دراوە، زانیاریەکان دابەشکراون بەسەر 51 پاکێجدا بە نیازبوون هەر پاکێجێک لە زانیاری بە 100 هەزار دۆلار بفرۆشن کە بە هەموویەوە دەکاتە 5 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار، مامەڵەکەش بە دراوی دیجیتاڵی کراوە.
دواجار لەلایەن FBIـیەوە بە کارەکەیان زانراوە و لە 9ی تشرینی یەکەمی 2021 دەستگیرکراون، بەڵام ناوی ئەو وڵاتە ئاشکرا نەکراوە کە هەوڵی کڕینی تەواوی زانیاریەکانی داوە.
یەکێک لەو پەیوەندیانەی تۆببی کردویەتی ئاماژە بەوە دەدات کە زمانی یەکەمی کڕیارەکەی ئینگلیزی نەبووە، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئەو وڵاتەی کڕیارەکەی لێوە هاتووە ئاشنا بووە بە تەکنەلۆجیای ژێردەریایی ناووکی.
وڵاتانی رووسیا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا و هیندستان کەشتییە دەریاییەکانیان بە وزەی ناووکی کار دەکەن و ئوسترالیاش نیازی کڕینی تەکنەلۆجیایی ژێردەریایی ناووکی لە ئەمەریکا هەیە.
سەرچاوە: AFP
H.H