ئێران: ئامادەین بۆ ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لەگەڵ ئەمه‌ریکا

"ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئه‌مه‌یان به‌ دانوستانی ڤه‌یننا به‌ستووه‌ته‌وه‌"

حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران
حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران

K24 - هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان رایگەیاند، بەدەر لە دانوستانەکانی ئەتۆمی ڤییەننا، ئامادەی ئاڵوگۆڕی بەندکراوانن لەگەڵ ئەمه‌ریکا، بەڵام ئەمه‌ریکا ئەم پرسەی بەستووەتەوە بە گفتوگۆکانی ئەتۆمی.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان لە 58ـه‌ھەمین کۆنفرانسی ئاسایشی نێودەوڵەتی میونشن و لە دانیشتنێک لە ژێر ناوی "ئێران و داھاتووی پلانی کاری ھاوبەش" گوتارێکی پێشکەش کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوی خستەڕوو، کە لەمیانی گفتوگۆکانی ئەتۆمی لە ڤییەننا، بەمەرجی دەرکردنی بڕیاری سیاسیی پێویست لەلایەن لایەنی بەرامبەر، ئامادەن بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێکی باش لە ماوەیەمی کەمدا.

گوتیشی: ئەگەر دانوستانەکانی ئەتۆمی لە ڤییەننا لە نێوان ئێران و ھێزەکانی جیھان سەرکەوتوو نەبێت؛ ئەوا ھێزە رۆژئاواییەکان بەرپرس دەبن لەمە، چونکە ئێمە رێکكەوتنێکی باشمان دەوێت.

عەبدوڵڵاھیان لەبارەی پرسیاری ئاڵوگۆڕی بەندکراوەکانیان لەگەڵ ئەمه‌ریکا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پرسی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان بە تەواوەتی پرسێکی مرۆییە و ئێمە نامەوێت ئەمە پەیوەست بێت بە دانوستانەکانی ڤییەننا، لە بەرامبەر ئەمەدا، ئەمه‌ریکییەکان ئەمەیان بە دانوستانەکانی ڤییەنناوە بەستووەتەوە. بەپێی ئێران ئەم دوو پرسە ھیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نییە و دەتوانین بەدەر لە دانوستانەکانی ئەتۆمی ئەنجامی بدەین.

 

Fly Erbil Advertisment