پوتن هه‌نگاوێكی نوێ له دژی ئۆكرانیا و رۆژئاوا ده‌نێت
K24- هه‌ولێر:
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا له هه‌نگاوێكی نوێ‌دا له دژی ئۆكرانیا و رۆژئاوای نا و رایگه‌یاند، دان به سه‌ربه‌خۆیی هه‌ردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسكدا ده‌نێت.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كرملین رایگه‌یاند، پوتن به ئیمانوێل ماكرۆن، هاوتا فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی و ئۆلاف شۆڵتس، راوێژكاری ئه‌ڵمانیای راگه‌یاندووه، مه‌رسوومی داننان به سه‌ربه‌خۆیی هه‌ردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسك واژۆ ده‌كات.
له به‌یاننامه‌كه‌ی كرملیندا هاتووه، پوتن دوو په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیی جیاوازی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له ماكرۆن و شۆڵتز ئه‌نجامدا و ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه فراوانه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی رووسیای پێیڕاگه‌یاندوون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌مڕۆ داواكاری له سه‌رۆكه‌كانی هه‌ردوو كۆماره‌كه به پوتن گه‌یشتووه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر "ده‌ستدرێژییه‌كانی ئۆكرانیا بۆ سه‌ر كۆماره‌كانیان" دان به سه‌روه‌ری خاكه‌كانیان بنێت.
هه‌روه‌ها به‌یاننامه‌كه جه‌ختیشی كرده‌وه، پوتن به‌نیازه له زووترین كاتدا مه‌رسوومه‌كه واژۆ بكات و باسی ئه‌وه‌شی كرد، "هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و راوێژكاری ئه‌ڵمانیا بێئومێدبوونی خۆیان له‌و هه‌نگاوه‌ی پوتن راگه‌یاندووه، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده‌یی خۆیان بۆ به‌رده‌وامیدان به په‌یوه‌ندییه‌كان نیشانداوه".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌ر له كه‌مێك له به‌یاننامه‌یه‌كدا، حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆی نێوان ئۆلاف شۆڵتس، راوێژكاری وڵاته‌كه‌ی و ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیای بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، له گفتوگۆكه‌دا راوێژكاری ئه‌ڵمانیا به سه‌رۆكی رووسیای راگه‌یاندووه، داننان به سه‌ربه‌خۆیی هه‌ردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسك پێشێلكردنی رێككه‌وتنی مینسكه.
پێشتریش ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا رایگه‌یاندبوو، رۆژی دووشه‌ممه دوا بڕیاری خۆی له‌باره‌ی پرسی داننان به سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و دوو كۆماره راده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌مڕۆ پوتن سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی رووسیای كرد و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵوێستی خۆیان له‌باره‌ی پرسی هه‌ردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسكیان به سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان راگه‌یاند، كه تا ئێستاش مۆسكۆ ئه‌و دوو كۆماره به خاكی ئۆكرانیا ده‌زانێت.
ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه پشتیوانی‌یان له بیرۆكه‌ی داننان به هه‌ردوو كۆماره‌كه‌دا نیشاندا.
H.B