چینیش له ره‌فتاری پوتن رازی نییه
داوایه‌كیش له هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی له ئۆكرانیا ده‌كات

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
ئه‌مڕۆ 22ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022، چین ئامۆژگاری هاووڵاتیی و دیپلۆماتكاره‌كانی له وڵاتی ئۆكرانیا كرد، به‌شه خۆراكی پێویست و زیادتر له شوێنی نیشته‌جێبوون و شوقه‌كانیان له‌و وڵاته عه‌مباربكه‌ن، له‌كاتێكدا تا ئه‌مساته به‌رگری له‌مانه‌وه‌ی دیپلۆماتكاره‌كانی ده‌كات، كه له ئۆكرانیا بمێننه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی روسیا بڕیاری ناردنی هێزی بۆ ناوچه‌ی دۆنباسی ئۆكرانیا راگه‌یاند.
رۆژی 21ی شوبات، چه‌ند كاتژمێرێك دوای ئه‌وه‌ی ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا به فه‌رمی دانی به سه‌ربه‌خۆیی "دۆنیتسك و لۆهانسك"ی وه‌ك دوو هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ دانا، باڵیۆزخانه‌ی چین له كیێڤی پایته‌ختی ئۆكرانیا داوای له هاووڵاتییانی كرد، خۆیان له ناوچه‌ی نائارام به‌دوور بگرن و چاودێری زانیاری نافه‌رمی بكه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی په‌كین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كونسوڵخانه‌ی چین له ئۆدیسای ئۆكرانیا له‌سه‌ر ده‌ریای ره‌ش تا ئه‌مساته كراوه‌یه.

چین یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی ره‌فتاری ڤلادیمێر پۆتن، سه‌رۆكی رووسیای پێ راست نییه به‌رامبه‌ر به ئۆكرانیا، هه‌روه‌ك پرۆفیسۆر مارك ئیل جۆهانسن، شاره‌زا له بواری سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له زانكۆی مینیسۆتا، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 گوتی: "هه‌رچه‌نده چین و رووسیا ماوه‌ی 70 ساڵه په‌یوه‌ندیان به‌هێزه، به‌ڵام كاتێك له 4ی شوبات ڤلادیمێر پۆتن له‌لایه‌ن شین جین بینگ-ی سه‌رۆكی چینه‌وه بانگهێشت كرا بۆ ئۆلۆمپیادی زستانه‌ی 2022، بینگ داوای له پۆتن كردبوو، هێرش نه‌كاته سه‌ر ئۆكرانیا و خۆی له شه‌ڕ به دوور بگرێت له چوونه ناو ئۆكرانیا، هه‌روه‌ك ساڵی 2014 ـش چین هۆشداریی دا له‌داگیركردنی نیمچه‌دوورگه‌ی كریمیا".
به‌رپرسانی چین سه‌رزه‌نشتی هه‌موو ده‌ستێوه‌ردانێكی هێزی بیانیان كرد له بری رووسیا له ساڵی 2014، كاتێك دوورگه‌ی كریمیا داگیركرا، به‌ڵام وه‌ك جۆهانسن ده‌ڵێت: "چین له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دانی به‌وه‌دا نه‌نا، كه نیمچه دوورگه‌ی كریمیا سه‌ر به رووسیایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چین بازرگانییه‌كی فراوان و وه‌به‌رهێنانێكی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا هه‌یه و نایه‌وێت له ده‌ستی بچێت".
هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرتێكی بی بی سی، له ساڵی 2014، چین دژی ئه‌و سزایانه بوو، كه ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا خستیانه سه‌ر به‌رپرسان و بانك و كۆمپانیا رووسییه‌كان، به‌ڵام بانك و كۆمپانیا چینییه‌كان پێشێلی بڕیاره‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكایان نه‌كرد و پێیه‌وه پابه‌ندبوون.
له به‌رامبه‌ردا به فه‌رمی ناساندنی جیابوونه‌وه‌ی دۆنیسك و لۆهانسكیش له‌لایه‌ن پۆتنه‌وه، وانگ وین بین، گوته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین دوانیوه‌ڕوی ئه‌مڕۆ 22ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022/ له میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا له‌وه‌ڵامی پرسیارێك، كه ئایا چین فه‌رمانبه‌ر و هاووڵاتیان و دیپلۆماتكاره‌كانی له كیێڤ ناگوازێته‌وه؟ گوتی: "هه‌رچه‌نده گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره له خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا روویداوه، به‌ڵام باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌یان له په‌یوه‌ندیدایه له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له كۆمپانیا چینییه‌كان له ئۆكرانیا كارده‌كه‌ن"، گوتیشی: "له‌هه‌ر كاتێكدا پێویستی كرد ئه‌وا ده‌یانگوازینه‌وه".
هه‌روه‌ها له كۆنگره‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه نه‌دا، كه چین له دانپێدانانی پۆتن به سه‌ربه‌خۆیی هه‌ردوو ناوچه‌ی دۆنیسك و لۆهانسك پاڵپشتی رووسیا ده‌كات.

له به‌رامبه‌ردا ئه‌نتۆنی بلینكین، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد، شه‌وی دووشه‌ممه 21ی شوبات، دیپلۆماتكاره‌كانی له كیێڤه‌وه گواستووه‌ته‌وه بۆ سنووری خۆرئاوای ئه‌و وڵاته، كه هاوسنووره له‌گه‌ڵ پۆڵه‌ندا، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی پوتن بڕیاریدا، هێزی سه‌ربازی و زریپۆشی رووسی ره‌وانه‌ی دۆنیسك و لۆهانسك بكات .

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین نیگه‌رانه به دۆخی ئۆكرانیا و له‌شكركێشییه‌كه‌ی رووسیا بۆ ناو خاكی ئۆكرانیا له‌لایه‌ن جوداخوازه ئۆكرانییه‌كان (پرۆ-رووسییه‌كان)، كه له گۆڕه‌پانی سیاسی به تیرۆریست ناسێنراون.

نیگه‌رانی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه هه‌فته‌ی پێشوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، باڵیۆزخانه‌ی چین له كیێڤ له‌سه‌ر كاره‌كانی به‌رده‌وامه و وانگ وین بین، گوته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌ریكای به‌وه تۆمه‌تباركرد، كه له بره‌ودانی سه‌ربازی رووسیا و ترسی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ زیاده‌ڕه‌ویی ده‌كات.
به‌ڵام پێشبینییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر پشێوییه‌كان زیادده‌بن، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه چین نیگه‌ران بێت و پوتن ئه‌و داوایه‌ی شین جین بینگ-ی سه‌رۆكی چینی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه، بۆ ئه‌وه‌ی هێرش نه‌كاته سه‌ر ئۆكرانیا و خۆی له شه‌ڕ به دوور بگرێت له چوونه ناو ئۆكرانیا.
H.B