مه‌سرور بارزانی: هیچ شه‌ره‌فێك له‌ ژن كوشتندا نییه‌

"من سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه‌ له‌ مه‌ترسیدان"

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ باره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی شنیار ئه‌نوه‌ر، ئه‌و ژنه‌ی له‌ لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ سووتێندرا بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، هیچ  شه‌ره‌فێك له‌ ژن كوشتندا نییه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: "تەنیا لەم ساڵەدا، 9 ئافرەتی بێتاوان ‌لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، ئەم تاوانانە‌ ده‌بێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین، وەک حکومەتیش ئێمە ھاوکار و پاڵپشتی دادگا دەبین لەسەپاندنی توندترین سزا بۆ ئەم تاوانانە".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

زۆر نیگەران و خه‌مبارم به‌ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. لێره‌دا دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌.

لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕووداوی دڵته‌زێنی شنیار خان گفتوگۆمان كرد و ستایشی كارمه‌ندانی پۆلیسم کرد بۆ دەستگیرکردنی تاوانباره‌كه‌ و پشتگیری خۆمم بۆ سزادانی تاوانباران دووپات کردەوە.

تەنیا لەم ساڵەدا، 9 ئافرەتی بێتاوان ‌لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، ئەم تاوانانە‌ ده‌بێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین، وەک حکومەتیش ئێمە ھاوکار و پاڵپشتی دادگا دەبین لەسەپاندنی توندترین سزا بۆ ئەم تاوانانە.

من سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه‌ له‌ مه‌ترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە به‌شداریی هه‌موومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و به‌رپرسان و کەسایەتییە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان ، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە .

ئێمە ھەموو ھەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ کۆتاییھێنان بەم تاوانانە .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

بۆ زانیاری زیاتر له‌ باره‌ی تاوانه‌كانی ژن كوشتن له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ بڕوانه‌ پانۆرامای كوردستان24 

 

 

Fly Erbil Advertisment