ئه‌مه‌ریكا دووه‌م گه‌وره دیپلۆماتكاری رووسیای له وڵاته‌كه‌ی ده‌ركرد
واشنتن سزا به‌سه‌ر 24 كه‌س و قه‌واره‌ی بێلاڕووسدا سه‌پاند

K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ركردنی دووه‌م دیارترین دیپلۆماتكاری روسیی له وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ده‌ركردنی دووه‌م دیپلۆماتكاری ئه‌مه‌ریكی له مۆسكۆ.
سه‌رچاوه‌یه‌كی دیپلۆماتكاری ئه‌مه‌ریكی دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌و هه‌نگاوه‌ی واشنتن هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیاوه نییه، به‌ڵكو به‌شێكه له‌و ململانێ مێژووییانه‌ی له نێوان واشنتن و مۆسكۆ له‌باره‌ی تیمی باڵیۆزخانه هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م هه‌نگاوه له‌كاتێكدایه، كه گرژییه‌كانی نێوانیان دوای جه‌نگی سارد، به‌هۆی ئۆكرانیا ئێستا له به‌رزترین ئاستیدان".
به‌رپرسێك له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتی: رۆژی چوارشه‌ممه به باڵیۆزخانه‌ی رووسیای راگه‌یاندووه، كه سێرگی تریبلكۆڤ، وه‌زیری راوێژكار ده‌رده‌كات، كه ئێستا دووه‌م كه‌سی نوێنه‌رایه‌تی رووسیایه له‌ژێر فه‌رمانده‌یی باڵیۆز ئه‌ناتۆلی ئه‌نتۆنۆڤ.
له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه رووسیا بارت غورمان، جێگری سه‌رۆكی نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكای له مۆسكۆ ده‌ركرد.
ئه‌و به‌رپرسه كه ناسنامه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه، ئاماژه‌ی به‌وه دا، ئه‌و هه‌نگاوه وه‌ك وه‌ڵامێكی راسته‌وخۆ بوو بۆ ده‌ركردنی بێ پاساوی جێگری سه‌رۆكی نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن مۆسكۆوه.
سه‌باره‌ت به گرژییه‌كانی ئێستاش له‌باره‌ی دۆخی ئۆكرانیا، ئه‌و به‌رپرسه گوتی: ئه‌مه‌ریكا هێشتا باوه‌ڕی وایه كه زۆر گرنگه په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كان "له‌پێناو مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌ته‌كانی هه‌ردوو وڵاته‌كه" به‌رده‌وام بن، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ئه‌مه‌ریكا كارێكی وه‌ك ده‌ركردنی غۆرمان به‌بێ وه‌ڵامدانه‌وه ناهێڵێته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر 24 كه‌س و قه‌واره‌ی وڵاتی بێلاڕووسیدا سه‌پاند، به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی كه له هێرش و په‌لاماره‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، هاوكاری زۆری هێزه‌كانی رووسیای كردووه.
H.B