یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌ختترین سزای مێژوویی به‌سه‌ر پوتن و لاڤرۆڤدا ده‌سه‌پێنێت
راوێژكاری نه‌مسا: سزاكان بلۆككردنی سامانی رووسییه‌كان له‌خۆده‌گرێت
K24- هه‌ولێر:
كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنیی "N-tv"ی ئه‌ڵمانی رایگه‌یاند، وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌سه‌ر سه‌پاندنی سزای سه‌خت بۆ سه‌ر هه‌ریه‌ك له ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته رێككه‌وتوون، كه به‌گوته‌ی ئه‌لێكسانده‌ر شالینبێرگ، ئه‌و سزایانه له مێژوودا بێهاوتان.
ئه‌و كه‌ناڵه ئه‌ڵمانییه له‌سه‌ر زاری ژماره‌یه‌ك سه‌رچاوه له یه‌كێتی ئه‌وروپا گواستییه‌وه، سزاكان بلۆككردنی پاره و سامان له‌خۆده‌گرێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، یه‌كێتییه‌كه گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌و سزایانه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاندبوو، به‌نیازن سزای توند به‌سه‌ر رووسیادا بسه‌پێنن، به‌هۆی داننانی ئه‌و وڵاته به سه‌ربه‌خۆیی هه‌ردوو هه‌رێمی دۆنیتسك و لۆهانسك وه‌ك دوو كۆماری سه‌ربه‌خۆ و وه‌ك راگه‌یه‌ندراوه، سزاكان زیاتر له 300 په‌رله‌مانتاری رووسی، ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حكومه‌ت، سێرگی شویگۆ، وه‌زیری به‌رگری، ماریا زاخارۆڤا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، مارگاریتا سیمۆنیا، سه‌رنووسه‌ری تۆڕی میدیایی RT و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی ڤلادیمێر سۆلۆڤیۆڤ له‌خۆده‌گرێت.
به‌هۆی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، یه‌كێتی ئه‌وروپا و ژماره‌یه‌ك وڵاتی دیكه‌ی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا و كه‌نه‌دا ئاماده‌كاری بۆ سه‌پاندنی سزای قورس بۆ سه‌ر مۆسكۆ ده‌كه‌ن.
بۆ بینینی ڤیدیۆی زیاتری جه‌نگی رووسیا - ئۆكرانیا سه‌یری چه‌نه‌ڵی تیلگرامی كوردستان24 بكه‌ن
H.B