زیلینسكی له‌ناوه‌ڕاستی كیێڤه‌وه قسه ده‌كات
سه‌رۆكی ئۆكرانیا: من لێره‌م.. چه‌ك دانانێین و به‌رگری له خاكه‌كه‌مان ده‌كه‌ین

K24 - هه‌ولێر:
هه‌رچه‌نده له به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه كیێڤی پایته‌ختی ئۆكرانیا رووبه‌ڕووی بۆردومانی رووسیا ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا له په‌خشی راسته‌وخۆ له ناوه‌ڕاستی كیێڤ ده‌ركه‌وت و بۆ گه‌لی ئۆكرانیا قسه ده‌كات و رایگه‌یاند، چه‌ك دانانێین و به‌رگری له خاكه‌كه‌مان ده‌كه‌ین.
سه‌رۆكی ئۆكرانیا له گرته ڤیدیۆییه‌كه ده‌ڵێت: "من لێره‌م"، جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه، كه له كیێڤ ده‌مێنێته‌وه، زیلینسكی له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك ڤیدیۆكه‌ی بڵاوكرده‌وه، كه له‌به‌رده‌م كتێبخانه‌یه‌كی پایته‌خته‌وه تۆماری كردووه.
شه‌وی رابردووش سه‌رۆكی ئۆكرانیا هۆشداری داوه‌ته هێزه‌كانی رووسیا، بۆ هاتنه ناو كیێڤه‌وه، په‌یامێكیشی له پێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئه‌و شه‌ومان له رۆژه‌كه سه‌ختتره، زۆربه‌ی شاره‌كانی وڵاته‌كه‌مان رووبه‌ڕووی هێرش بووه‌ته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، گرنگییه‌كی تایبه‌ت به كیێڤ ده‌ده‌ین، نامانه‌وێت پایته‌خت له‌ده‌ست بده‌ین، داوا له به‌رگریكاران ده‌كه‌م، به ژنان و پیاوانه‌وه، دوژمن به هه‌موو هێزه‌كه‌یه‌وه و به چه‌ندین رێگه و دڵڕه‌قی و نامرۆڤانه‌وه بۆ شكاندنی به‌رگرییه‌كه‌مان به‌كارده‌هێنێت.
سه‌رۆكی ئۆكرانیا له په‌یامه‌كه‌یدا روونیكرده‌وه، كه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده رۆژئاواییه‌كان قسه‌ی كردووه، به تایبه‌تی جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و ئۆلاڤ شولتس، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا.
روونیشكرده‌وه، "رێككه‌وتین له‌سه‌ر هاوكاری زیاتر، پاڵپشتی زیاتر، پشتیوانییه‌كی گه‌ورتر بۆ وڵاته‌كه‌مان"، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "ئامانجی سه‌ره‌كیمان كۆتاییهێنانه به‌و كوشتاره".
له رۆژی سێیه‌می هێرشه‌كه‌ی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، بۆردومان له‌سه‌ر پایته‌خت هه‌یه و ده‌نگی ته‌قه ده‌بیسترێت، باڵیۆزخانه‌ی وڵاتان هۆشداری ده‌ده‌ن و حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ش داوای له هاووڵاتیانی كێیڤ ده‌كات له په‌ناگه‌كان بمێننه‌وه و نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه.