داوای جووڵاندنی دادگای فیدراڵ له‌ دژی به‌رهه‌م ساڵح ده‌كرێت

پێشنیازی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی یاسایی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ خراوه‌ته‌ڕوو

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق
به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق

K24- هه‌ولێر:

پسپۆڕێكی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێشنیازی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی یاسایی ده‌كات، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی سكاڵا بۆ دادگای فیدراڵ له‌ دژی بڕیارێكی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق.

دكتۆر زه‌ید عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لئه‌عزه‌می، پسپۆڕی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست "ئۆرسام" و هاوكات ئه‌ندامی ده‌سته‌ی زانستیی ئه‌كادیمیای په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی ئه‌و پێشنیاوه‌ی كردووه‌.

دكتۆر زه‌ید له‌ تویته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "پێشنیازی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی یاسایی ده‌كه‌م، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی سكاڵا بۆ دادگای فیدراڵ، بۆ ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ بۆ بڕیاری ده‌ركردنی لێبووردنی سه‌رۆكایه‌تی له‌ بازرگانێكی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و به‌رپرسه‌ تێوه‌گراوه‌كان له‌و كه‌یسه‌ بكه‌ن".

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئازادكردنی ئه‌و بازرگانه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان زیان به‌ شكۆ و ره‌فتاری كاندیدان بۆ پۆسته‌ باڵاكانی ده‌وڵه‌ت و ئه‌وانه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ پاڵپشتی له‌و بڕیاره‌ ده‌كه‌ن".

تویته‌كه‌ی دكتۆر زه‌ید عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لئه‌عزه‌می
تویته‌كه‌ی دكتۆر زه‌ید عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لئه‌عزه‌می

به‌گوێره‌ی مه‌رسوومێكی كۆماری، كه‌ له‌ 10ی مانگی رابردوو ده‌ركراوه‌ و به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق واژووی له‌سه‌ر كردووه‌‌ و كۆپییه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، بازرگانێكی مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌ناوی جه‌واد لوئه‌ی جه‌واد، كوڕی پارێزگاری پێشووی نه‌جه‌ف، به‌ر له‌وه‌ی سزاكه‌ی ته‌واو بكات، ئازاد كرا.

مه‌رسوومه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح
مه‌رسوومه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، ئه‌و بازرگانه‌ی كه‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌ واژووی خۆی ئازادی كردووه‌، كوڕی پارێزگاری پێشووی نه‌جه‌فه‌، له‌ یه‌كێك له‌ به‌ندیخانه‌كانی عێراق ده‌ستبه‌سه‌ر بوو.

مه‌رسوومه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دادی عێراقی كراوه‌، ئه‌وانیش به‌ پشتبه‌ستن به‌و مه‌رسوومه‌، تاوانباره‌كه‌یان ئازاد كردووه‌.

نووسراوی وه‌زاره‌تی دادی عێراقی
نووسراوی وه‌زاره‌تی دادی عێراقی

H.B

Fly Erbil Advertisment