دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان یارمەتی ئۆکرانیا دەدات
K24 - هەولێر:
دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس و بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا، ئێلۆن مەسک لە رێگەی مانگە دەستکردەکانی ستارلینکەوە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات.
ستارلینک زنجیرەیەک مانگی دەستکردی کۆمپانیای سپەیس ئێکسە کە ئامانج لە دروستکردنیان دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە بۆ تەواوی دانیشتوانی سەر زەوی، بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی " politico"، لەکاتی پچڕانی ئینتەرنێت لە ئۆکرانیا، ئێلۆن مەسک ئینتەرنێتی ئەو وڵاتە دابین دەکات.
وێبسایتی "politico" ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم هەنگاوەی ماسک لە وەڵامی داواکاریەکەی جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا و وەزیری ئاڵوگۆڕی دیجیتاڵی میخایلۆ فێدۆرۆڤ هاتووە کە لە رۆژی شەممە داوای یارمەتیان کرد، بەهۆی ئەو هێرشە ئەلکترۆنییە بەردەوامانەی لەلایەن رووسیاوە دەکرێتە سەر وڵاتەکەیان.
میخایلۆ فێدۆرۆڤ لە تویتێکدا کە ئاراستەی ئێلۆن مەسکی کرد بوو نووسیەتی "لە کاتێکدا تۆ هەوڵ دەدەیت مەریخ داگیر بکەیت، رووسیا هەوڵی داگیرکردنی ئۆکرانیا دەدات، لەکاتێکدا مووشەکەکانی تۆ بە سەرکەوتووی لە مەریخ نیشتنەوە، مووشەکە رووسیەکان خەڵکی سڤیلی ئۆکرانیا بە ئامانج دەگرن، ئێمە داوات لێدەکەین وێستگەی ستارلینک بۆ ئۆکرانیا دابین بکەیت."
ئێلۆن مەسک لە وەڵامی تویتەکەی میخایلۆ گوتی "ئێستا خزمەتگوزاری ستارلینک بۆ ئۆکرانیا چالاک کراوە."
H.H