نوێترین زانیارییەکان لەبارەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا
K24 - هەولێر:
بۆردوومانەکانی رووسیا کۆمپانیاکانی نەوت و غازی ئۆکرانیاشی گرتەوە و هێڵی گواستنەوەی غازیش، لە شاری خارکێڤ تەقێندرایەوە، حکومەتی ئۆکرانیا هۆشداری دەداتە دانیشتووانی خارکێڤ، بە پارچە قوماشی تەڕ پەنجەرەی ماڵەکانیان دابپۆشن تا پێرزراوبن لە پاشماوەکانی تەقینەوەی بۆری غاز.
سەبارەت بە دەستپێکردنی دانووستانەکان و راگەیاندنی ئاگربەست کریملن راگەیاند، حکومەتی ئۆکرانیایان ئاگادار کردۆتەوە کە رووسیا لەکاتی دانووستان ئۆپەرایسۆنە سەربازیەکان ناوەستێنن.
کریملن راشیگەیاند، حکومەتی ئۆکرانیا شاری گومێلی لە بێلارووس هەڵبژاردووە بۆ کۆبوونەوە و دانووستان.
- لەلایەکی دیکەوە لویجی دی مایۆ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گوتی: پێشبینی دەکەین جەنگ لە ئۆکرانیا درێژە بکێشێت، ئێمە دەبینن هێزەکانی ئۆکرانیا بەردەوامن لە بەرگری.
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گوتیشی: ئەو سزایانەی بەسەر رووسیادا سەپاندوومانە زۆر بەهێزن، بەڵام کاتی دەوێت تا کەریگەریەکانیان دەردەکەون.
- لە درێژەی ئەو سزایانەی بەسەر رووسیادا سەپێندراوە، وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا رایگەیاند، ئاسمانی ناوچەکەیان بەڕووی فڕۆکە رووسیەکاندا دادەخەن و هاوبەشە ئەرورپیەکانیان هاندەدەن هەمان کار بکەن.
- رووسیا لە چەند کاتژمێری رابردوودا کۆنترۆڵکردنی ریتمی زمانی میدیایی راگەیاند بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە بڵاوبوونەوەی هەر هەواڵێک کە خزمەتی شەڕی خۆی نەکات.
- لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سووریش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا، کە نیگەرانن لە کاریگەریەکانی گرژی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لەسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون.
- وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی جەنگ لە ئۆکرانیا: "ئەمەریکا دەبێت پرسیار لەخۆی بکات کە کێ هەموو ئەمانەی دەستپێکرد."
H.H