یەکێتی ئەوروپا هاوکاری سەربازیی دەگەیەنێتە ئۆکرانیا
بە بەهای 450 ملیۆن یۆرۆ هاوکاری سەربازیی رەوانەی کیێڤ دەکرێت
K24 - هەولێر
یەکێتی ئەوروپا بە بەهای 450 ملیۆن یۆرۆ، هاوکاری سەربازیی دەگەیەنێتە ئۆکرانیا.
جۆزێب بۆرێل، رێکخەری سیاسەتی ئاسایش و پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، لەپێناو بەرزکردنەوەی توانای بەرگری هێزەکانی ئۆکرانیا، بە بەهای 450 ملیۆن یۆرۆ، هاوکاری سەربازیی رەوانەی ئەو وڵاتە دەکەن.
بۆرێل گوتیشی "بڕیارمانداوە سزا بخەینە سەر ژمارەیەک خاوەنکار و کەسایەتییە سیاسییەکانی رووسیا، کە پشتیوانی سەرەکی دەستەڵاتەکەی ڤلادیمێر پوتن دەکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وەک پەنابەر مامەڵە لەگەڵ ئەو ئۆکرانیانەدا دەکرێت، کە لەترسی شەڕ وڵاتەکەیان بەجێدەهێڵن و روو لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دەکەن.
هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێی نایە رۆژی پێنجەم، لە چەند ناوچەیەک بەتایبەتی لە دەوروبەری کیێڤی پایتەخت، شەڕی سەخت لە ئارادایە، بەگوێرەی زانیارییەکانیش چەند ناوچەیەک کەوتونەتە ژێر کۆنترۆڵی رووسیا.