ئایا پوتن چه‌كی ئه‌تۆمی به‌كارده‌هێنێت؟

K24- مینیسۆتا - ئه‌مه‌ریكا:
بۆچی ده‌ڵێن پوتن ناڵێین رووسیا چه‌كی ئه‌تۆمی به‌كارده‌هێنێت یان نا؟ چونكه له ئێستادا به‌پێی رای هه‌موو جیهان بۆشاییه‌كی گه‌وره هه‌یه له‌نێوان ده‌سته‌بژێری سیاسی رووسیا و گه‌لی رووسیا، كه‌واته هه‌موو بڕیاره‌كان چۆته لای ڤلادیمێر پوتن- سه‌رۆكی رووسیا و ده‌سته‌بژێرێكی سیاسی كه ملكه‌چی بڕیاری پوتن-ن.
شه‌ڕ پێی ناوه‌ته رۆژی پێنجه‌م له ئۆكرانیا و تا ئێستا 10%ی خاكی ئۆكرانیا داگیرنه‌كراوه له‌لایه‌ن رووسیاوه، به‌ڵام سه‌رۆكی رووسیا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه چه‌كی ئه‌تۆمی رووسی له حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدایه له‌به‌رامبه‌ردا ده‌سته‌بژێری سیاسی بێده‌نگه، چونكه وه‌ك پرۆفیسۆر مارك ئیل جۆهانسن شاره‌زا له بواری سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌زانكۆی مینیسۆتا له لێدوانێكیدا بۆ كوردستان 24، گوتی: "پوتن به‌م لێدوانه‌ی نه‌ك ترسی خسته دڵی جیهانه‌وه، به‌ڵكو تووشی به‌رپرسیارێكی مێژوویی گه‌وره‌ش بوو"، گوتیشی: "له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانه‌وه هیچ ده‌وڵه‌تێك جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه ناوی چه‌كی ئه‌تۆمی بێنێت له شه‌ڕدا".

نوخبه‌ی سیاسی رووسیا ئێستا بۆیان نییه ره‌خنه له‌و سیاسه‌ته‌ی پوتن بگرن، ته‌نانه‌ت سه‌رمایه‌داره رووسییه‌كانیش ناتوانن هیچ بڵێن كه ئێستا بوونه‌ته زه‌ره‌ه‌مه‌ندی گه‌وره‌ی ئه‌م جه‌نگه به‌هۆی ئه‌و زنجیره سزا گه‌وره‌یه‌ی خراوه‌ته سه‌ر رووسیا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپاوه.
زۆربه‌ی جار بیر له‌وه‌ده‌كرێته‌وه: پوتن هه‌رگیز ئه‌وه ناكات، به‌ڵام كردوویه‌تی! ساڵی 2014 كاتێك وتیان رووسیا نیمچه‌دوورگه‌ی قرم داگیرده‌كات، به‌دڵنیایی بڕوا به‌وه‌نه‌ده‌كرا ئه‌وه بكات، به‌ڵام به ئه‌نجامی گه‌یاند و نیمچەدوورگه‌ی قرم-ی داگیركرد.
بڕوا نه‌ده‌كرا پوتن جه‌نگ له دۆنباس ده‌ست پێبكات، به‌ڵام ئه‌و ده‌ستیپێكرد.

كاتێك رووسیا رۆژانه ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی له سنووری بیلاروسیا بڵاوده‌كرده‌وه كه گه‌یاندوویه‌تییه زیاتر له 100 هه‌زار، نه‌ك به‌شێك له سیاسییه‌كانی جیهان به‌ڵكو سیاسییه‌كانی ئۆكرانیاش پێیانوابوو كه رووسیا سنووری پێشبینییه‌كانی داگیركاری ئۆكرانیا گه‌وره‌ده‌كات چونكه كه‌س له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوو بیه‌وێت ته‌واوی خاكی ئۆكرانیا داگیربكات، به‌ڵام ئه‌و كردی!
هه‌روه‌ك رۆژنامه‌نووسێكی بی بی سی ده‌ڵێت: "ده‌سته‌واژه‌ی (هه‌رگیز روونادات) ڤلادیمێر پوتن جێبه‌جێی ده‌كات".
ئێستا پرسیارێك وروژاوه، پوتن بڕواناكرێت هه‌رگیز بیر له‌وه‌ناكاته‌وه كه په‌نجه بنێت به دوگمه‌ی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كه‌یدا، به‌ڵام ئایا ئه‌وه ده‌كات؟
پرسیاره‌كه تیۆرییه، به‌ڵام له‌رووی پراكتیكییه‌وه ئه‌گه‌ری كه‌متر نییه له‌وانه‌ی پێشتر كردوونی، به‌پێی راپۆرتێكی ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس، ڤلادیمێر پۆتن سه‌رۆكی رووسیا ئاڵۆزییه‌كانی له خۆرئاواوه بۆ خۆرهه‌ڵات ئاڵۆزتر كرد كاتێك وتی هێزی ئه‌تۆمی رووسیا له دۆخی ئاماده‌باشیدا، ئاژانسه‌كه ده‌شڵێت: "له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و لێدوانه توندانه‌ی ئه‌وروپییه‌كان و ئه‌و زنجیره سزا قورسه‌ی كه له به‌رگری ئۆكرانییه‌كان بۆ سه‌ر رووسیا قورستره، پۆتن رایگه‌یاند كه ئاماده‌گی زیاتر ده‌كرێت بۆ چه‌كی ئه‌تۆمی".
به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكی-یش به زه واشنتۆن پۆست، ده‌ڵێت: "ده‌شێت پوتن ئه‌وه‌ش بكات له بێهیوایدا كه ئه‌مه كاره‌ساتێكی زۆر ترسناكه".
ئێستا پوتن وێرای تێكشكاندنی له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا، له ئۆكرانیاش رووبه‌ڕووی به‌رگرییه‌كی سه‌ختی هێزه به‌رگریكاره‌كانی خه‌ڵكی ئۆكرانیا و سوپای ئۆكرانیا بۆته‌وه ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس نووسیویه‌تی: "مۆسكۆ شكستی هێناوه له كۆنترۆڵكردنی بواری ئاسمانی ئۆكرانیا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له هه‌موو لایه‌كه‌وه هێرشی هێناوه".
ئاژانسه‌كه ئاماژه به‌وه‌ده‌دات كه پێده‌چێت داگیركردنه‌كه ئه‌وپه‌ڕی ئاسته‌نگی بێت بۆ پۆتن و پێشبینییه‌كانی كرملین به‌تاڵكاته‌وه.
پوتن له شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانی وڵاته‌كه‌یه‌وه، وتی: "پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی تایبه‌ته، هه‌ركه‌س بیر له‌وه بكاته‌وه بێته ناوه‌وه بۆ به‌رگری له ئۆكرانیا تووشی په‌رچه‌كردارێكی توندی ئێمه ده‌بێت"، دیمیتری مۆراتۆڤ هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی نۆڤایا گازیتا له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "وته‌كانی پوتن وا ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بن به چه‌كی ئه‌تۆمی".
پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر پوتن له دواجاردا بژارده‌ی ئه‌تۆمی هه‌ڵبژارد، ئایا هیچ كه‌س هه‌یه له نێو بازنه‌ی كه‌سه نزیكه‌كانیدا سه‌رزه‌نشتی بكات، یان رێگری لێبكات؟ مۆراتۆڤ ده‌ڵێت: "ده‌سته‌بژێری سیاسی له رووسیا هه‌رگیز له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی رووسیا نه‌بووه و نییه، هه‌میشه ئه‌وان شانبه‌شانی حاكمی وڵاته‌كه‌ن، له‌ئێستاشدا حاكمی وڵاته‌كه پوتن-ه".