سەرۆکی ئۆکرانیا: سه‌ربازانمان لەپێناو ئایندەدا شەڕ دەکەن

"گرنگ ئەوەیە، ھەوڵەکان لەوبارەیەوە بەردەوام بن"
"سەربازانمان لەپێناو پارەدا شەڕ ناکەن"
"سەربازانمان لەپێناو پارەدا شەڕ ناکەن"

K24 – هەولێر

سەرۆکی ئۆکرانیا، پێشیبنی ئەوە ناکات، کۆبوونەوەی شاندی وڵاتەکەی لەگەڵ شاندی رووسیا، ھیچ ئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە و رایگه‌یاند: "گرنگ ئەوەیە، ھەوڵەکان لەوبارەیەوە بەردەوام بن".

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا گرتەیەکی ڤیدیۆی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی ئۆکرانیا لەگەڵ شاندی رووسیا لە ناوچەیەکی سنووریی لەگەڵ بێلاڕووس بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگایەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بڵاوکردەوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، ھیچ ھاووڵاتییەک گومانی لە ھەوڵەکانمان بۆ راگرتنی شەڕ نەبێت، ئەگەر دەرفەتێکی کەمیش ھەبێت ھەوڵەکان بەردەوام دەبن.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی جەختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، ئامانجی وڵاتەکەی لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی رووسیا، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیایە و سەربازانمان لەپێناو پارەدا شەڕ ناکەن، بەڵکو لەپێناو ئایندەدا شەڕ دەکەن.

پێشتر سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاندبوو، شاندی وڵاتەکەی بەبێ مەرجی پێشوەختە لەگەڵ شاندی رووسیا لە ناوچەیەکی سنووریی بێلاڕووس کۆدەبێتەوە.