مه‌رجه‌كانی ئۆكرانیا ئاشكرا كران

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی شاندی دانووستانكاری ئۆكرانیا و رووسیا به‌ڕێوه‌چوو و مه‌رجه‌كانی ئۆكرانیا بۆ هێنانه‌دی ئاشتیی ئاشكرا كران.
ئه‌لێكسی ئاریستۆڤیچ، راوێژكاری نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئۆكرانیا رایگه‌یاند، كیێڤ داوای كردووه، سه‌رجه‌م هێزه‌كانی سوپای رووسیا له سه‌ر خاكی ئۆكرانیا بكشێنه‌وه، به نیمچه دوورگه‌ی قرم و دونباسهوه.
ئاریستۆڤیچ، ئه‌و لێدوانه‌ی به سایتی "" داوه، به‌ڵام میدیای ئۆكرانیا باسیان له‌وه كردووه، ئه‌و وتانه‌ی ئاریستۆڤیچ بۆچوونی تایبه‌تی خۆیه‌تی.
ئه‌مڕۆ دانووستانی رووسیا و ئۆكرانیا له كه‌رتی گومێلی بێلاڕووس به‌ڕێوه‌چوون.
پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، رووسیا ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌ستپێكرد.
سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن رایگه‌یاند، ئامانجی سه‌ره‌كی ئۆپراسیۆنه‌كه‌یان پاراستنی ئه‌و هاووڵاتیانه‌یه، كه له لایه‌ن "رژێم"ـی كیێڤه‌وه ماوه‌ی هه‌شت ساڵه رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی و سووكایه‌تی بوونه‌ته‌وه.
پوتن گوتیشی: ئه‌و ره‌وشه‌ی ئۆكرانیا درووستیكردووه، پێویستی به‌وه‌یه ئۆكرانیا له چه‌ك دابماڵرێت و سه‌رجه‌م به‌رپرسانی كۆمه‌ڵكوژی و تاوانی دژ به مه‌ده‌نییه‌كانی دونباس رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه.
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا دووپاتیكردووه‌ته‌وه، ئه‌وان نایانه‌وێت، بۆردومانی ژێرخانی ئۆكرانیا بكه‌ن و ته‌نیا یه‌كه‌كانی سوپای ئۆكرانیا به ئامانج گیراون، نه‌ك مه‌ده‌نییه‌كان.