سیاسه‌تمه‌دارێكی ئیتاڵیا: چه‌ك دان به ئۆكرانیا به‌نزین كردنه به ئاگردا
K24 – هه‌ولێر:
ماتیۆ سالڤینی، سه‌رۆكی پارتی هاوبه‌ندی باكوور "ئه‌و په‌ڕی راستڕه‌و" رایگه‌یاند، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا چه‌ك ناردن بۆ ئۆكرانیا وه‌ك ئه‌وه‌یه سووته‌مه‌نی به ئاگردا بكه‌یت.
له لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی پێنجی ته‌له‌ڤزیۆنی ئیتاڵی، ئه‌مڕۆ دووشه‌مه، سالڤینی گوتی: پێویسته كار بۆ راگرتنی شه‌ڕ بكه‌ین، منداڵ و ژنان رزگار بكه‌ین، رێڕه‌وی مرۆیی بكه‌ینه‌وه، ئیتاڵیا ببێته ماڵێكی نوێ بۆ په‌نابه‌ره ئۆكرانییه‌كان.
گوتیشی: پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، ئایا خوێن به خوێن وه‌ڵام ده‌درێته‌وه، بۆمب به بۆمب، كاتێك ئاگرێك هه‌ڵده‌بێت، ده‌كرێت به‌نزینی پێدا بكه‌ین، یان ده‌بێت كار بۆ خامۆشكردنی بكه‌ین.
روونیشیكرده‌وه، پرسی وه‌رگرتنی ئۆكرانیا له په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) ناكرێت یه‌كلا بكرێته‌وه، تا ئه‌و شه‌ڕه‌ی له وڵاته‌كه‌دا هه‌یه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.
دوێنێ یه‌كشه‌ممه (27ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بڕیاریان دا به بڕی 450 ملیۆن یۆرۆ چه‌ك و به بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ پێداویستی سه‌ربازی ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا بكه‌ن.
ئه‌وروپاییه‌كان له دژی رووسیا، چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی پێشكه‌وتوو ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا ده‌كه‌ن و هانی ئۆكرانییه‌كان ده‌ده‌ن به‌رده‌وام بن له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رووسیا.
پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، رووسیا ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌ستپێكرد.
سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن رایگه‌یاند، ئامانجی سه‌ره‌كی ئۆپراسیۆنه‌كه‌یان پاراستنی ئه‌و هاووڵاتیانه‌یه، كه له لایه‌ن "رژێم"ـی كیێڤه‌وه ماوه‌ی هه‌شت ساڵه رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی و سووكایه‌تی بوونه‌ته‌وه.
پوتن گوتیشی: ئه‌و ره‌وشه‌ی ئۆكرانیا درووستیكردووه، پێویستی به‌وه‌یه ئۆكرانیا له چه‌ك دابماڵرێت و سه‌رجه‌م به‌رپرسانی كۆمه‌ڵكوژی و تاوانی دژ به مه‌ده‌نییه‌كانی دونباس رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه.
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا دووپاتیكردووه‌ته‌وه، ئه‌وان نایانه‌وێت، بۆردومانی ژێرخانی ئۆكرانیا بكه‌ن و ته‌نیا یه‌كه‌كانی سوپای ئۆكرانیا به ئامانج گیراون، نه‌ك مه‌ده‌نییه‌كان.