یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان: ئێمە هەموومان لە گوندێكی بچوكداین
K24 – ههولێر:
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان لهبارەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا راگهیهندراوێكیان بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه: "داوا لە هەموو كۆمەڵە و رێكخراو و دامەزراوە خێرخوازی و مرۆیی و نێودەوڵەتییەكان لە جیهانی ئیسلامی و هیتریش دەكات، هیممەت بكەن بە پەلە یارمەتییە مرۆیی و خۆراكی و تەندروستییەكان بگەیەننە ئەو برا ئاوارە و لێقەماوانە".
ههروهها له راگهیهندراوهكهدا هاتووه:" ئاشتی جیهانیی و ئاسایشی هەمووان بەرپرسیارێتی هەموو لایەكە، شەڕیش لەپێناو زاڵبوون و زەلیلكردنی بەرانبەر رەتدەكرێتەوە".
دهقی راگهیهندراوهكه:
یەكێتی داوای وەستانی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا دەكات، دەستبەجێ دەستبكرێ بە دانوستانێكی جیددی كە لەسەر بنەمای پەیوەندی دراوسێیەتی و بەرژەوەندیی هەردوولا و بونیاتنانی دراوسێیەتیەكی باش بەرپا ببێت.
جەخت دەكات كە ئاشتی جیهانیی و ئاسایشی هەمووان بەرپرسێتی هەموو لایەكە، شەڕیش لەپێناو زاڵبوون و زەلیلكردنی بەرانبەر رەتدەكرێتەوە، لە ئاینی ئیسلام و هەموو ئاینە ئاسمانیەكان و یاسا نێودەوڵەتیەكاندا كارێكی ناپەسەند و ریسوایە، دەرئەنجام وێرانبوونی هەموولایەكە، چونكە ئێمە هەموومان لە ئەمڕۆدا وەك بڵێی لە گوندێكی بچوكداین و جێكەوتەی خراپی لەسەر هەموو لایەك دەبێت.
لە هەمانكاتدا هەر حەز و نیەتێكی پەلهاویشتنی سەربازی و هەوڵدان بۆ فراوانخوازی و هەژموونی سەربازی بەسەر جیهاندا رەتدەكاتەوە، یەكێتی بە دۆعاو و بە پشتگیری و بە هەستكردن بە ئێش و ئازارەكان هاوكاری لێقەوماوان و ئاوارەكانە -بەتایبەتی ئافرەتان و منداڵان و بەساڵاچووان-، ئەوانەی كە لە ترساندا ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، لە سنورەكاندا لەوپەڕی ناڕەحەتی و چەرمەسەریدان.
یەكێتی داوا لە هەموو كۆمەڵە و رێكخراو و دامەزراوە خێرخوازی و مرۆیی و نێودەوڵەتییەكان لە جیهانی ئیسلامی و هیتریش دەكات، هیممەت بكەن بە پەلە یارمەتییە مرۆیی و خۆراكی و تەندروستییەكان بگەیەننە ئەو برا ئاوارە و لێقەماوانە، ئەوانە لە مرۆڤایەتیدا برای ئێمەن، پێغەمبەری خۆشەویستمان دەفەرموێ: ((ئەی رۆحێك نییە)) بوخاری لە صەحیحەكەیدا بە ژمارە 1312 و موسلیم بە ژمارە 961 و هیتریش ریوایەتیان كردووە.
بەڵكو پاراستن و پارێزگاری لە هەر مرۆڤێك و گرنگیدان پێی -تەنانەت بۆ جگە لە مرۆڤیش ئەركێكی چاكە، ئەوەش پاداشتێكی گەورەی لای خوای گەورە هەیە، لەبەرئەوە داوا لە رێكخراوە تەندروستییەكان دەكەین هەستن بە ئەركی سەرشانیان و فریای زامدار و نەخۆشەكان بكەون.
لە كۆتاییدا زۆر بە جیددی داوا لەو وڵاتانە دەكەین كە پەیوەندی باشیان لەگەڵ هەردوو لای بەشەڕهاتوو هەیە -بەتایبەتی توركیا و پاكستان-، هەستن بە گێڕانی هەوڵی نێوەندگیریی دڵسۆزانە و جیددی بە وەستانی دەستەبەجێی شەڕی ماڵوێرانكەر كە زۆرێك لە گەلان لەسەر هەموو ئاستەكان زیانمەند دەبن، بەڵكو هەمووی جیهانیش زیانمەند دەبێت.
(وَاللَّهُ غَالِبٌ عَلَى أَمْرِهِ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ)
پ.د. ئەحمەد رەیسونی
سەرۆك
پ.د. عەلی قەرەداغی
ئەمینداری گشتی
یەك شەممە 26 رەجەب 1443ك
رێكەوتی 27/2/ 2022ز