ماكرۆن داواكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی گه‌یانده‌ پوتن

كۆشكی ئێلیزێ: ماكرۆن داوایه‌كی له‌ پوتن كرد.. پوتنیش پابه‌ندبوونی خۆی راگه‌یاند

ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا
ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا

K24- هه‌ولێر:

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا "ئێلیزێ" رایگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌ریه‌ك له‌ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیاوه‌ كرد.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، ماكرۆن له‌گه‌ڵ پوتن داواكاریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ وه‌ستاندنی ده‌ستبه‌جێی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا به‌ پوتن راگه‌یاندووه‌‌.

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، ماكرۆن داوای له‌ هاوتا رووسییه‌كه‌ی كردووه‌، "ته‌واوی هێرش و بۆردومانه‌كانی له‌سه‌ر هاووڵاتییانی سڤیل و ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوونی مه‌ده‌نی بوه‌ستێنێت و ده‌ست له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی نیشته‌جێبوون بپارێزێت و ئاسایشی رێگه‌وبانه‌كانی نێوان شار و ئاوه‌دانییه‌كان بپارێزێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و رێگایانه‌ی به‌ره‌و باشووری كیێڤ ده‌چن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پوتن جه‌ختی له‌سه‌ر ئاماده‌یی خۆی بۆ پابه‌ندبوون به‌ هه‌رچی پێویسته‌ بۆ ئه‌و سێ داواكارییه‌ كردووه‌وته‌وه‌.

هه‌روه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، "ماكرۆن پێشنیازی بۆ سه‌رۆكی رووسیا كردووه‌، له‌پێناو رێگریكردن له‌ گرژتربوونی دۆخه‌كه‌، له‌ رۆژانی داهاتوودا په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی به‌ به‌رده‌وامی بهێڵێته‌وه‌" و دووپاتیكرده‌وه‌، "سه‌رۆكی رووسیا پشتیوانی له‌و پێشنیازه‌ی ماكرۆن كردووه‌".

كۆشكی ئێلیزێ هیچی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی نێوان ماكرۆن و زێلێنسكیی بڵاونه‌كرده‌وه‌.

H.B