سويسرا هه‌ژماره‌ بانكییه‌كانی رووسیا له‌ وڵاته‌كه‌ی بلۆك ده‌كات

سه‌رمایه‌دارانی رووسیا ناتوانن ده‌ستیان به‌ پاره‌كانیان له‌ سویسرا بگات
ئێگناسیۆ كاسێس، سه‌رۆكی سویسرا
ئێگناسیۆ كاسێس، سه‌رۆكی سویسرا

K24- هه‌ولێر:

ئێگناسیۆ كاسێس، سه‌رۆكی سویسرا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی ده‌چێته‌ پاڵ ئه‌وروپا بۆ سزادانی رووسیا، له‌وانه‌ش بلۆككردنی پاره‌ی سه‌رمایه‌دارانی رووس له‌ وڵاته‌كه‌ی و بێبه‌شكردنیان له‌ ده‌ستگه‌یشتن به‌ پاره‌كانیان.

ئێگناسیۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا گوتی: كرده‌ی سه‌ربازیی رووسیا له‌ڕووی سیاسی و ئه‌خلاقییه‌وه‌ جێگه‌ی قبووڵكردن نییه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی وڵاته‌كه‌ی بڕیاریداوه‌ به‌ته‌واوی ده‌نگی خۆی بخاته‌ پاڵ ده‌نگی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ سزادانی رووسیا و ئه‌مه‌ش بلۆككردنی هه‌ژماره‌ بانكییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، وڵاتی سویسرا ئه‌ندام نییه‌ له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا.

له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی گرژییه‌كانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا، به‌رده‌وام سویسرا هه‌وڵیداوه‌ هاوسه‌نگییه‌ك له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی نیشان بدات له‌ نێوان ئیدانه‌كردنی هێرش و هه‌ڕه‌شه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا و ئه‌و رۆڵه‌ بێلایه‌نه‌ مێژووییه‌ی كه‌ به‌رده‌وام رۆڵی له‌ نێوه‌ندگیریی نێوان وڵاتاندا گێڕاوه‌.  

H.B