یه‌كێتی ئه‌وروپا: رووسیا له جیهان داده‌بڕێنین
K24- هه‌ولێر:
ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا دووپاتیكرده‌وه، دوای 30 ساڵ له قه‌یرانی كرواتیا، كه به‌هه‌زاران كه‌س به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر وڵاته‌كه‌یان ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بوون، ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه جه‌نگ گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌وروپا و به‌هه‌زاران كه‌س ئاواره‌بوون.
ئه‌م گوتانه‌ی ڤۆندێرلاین له گوتارێكدا له كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا هاتوون و گوتی: ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا ده‌یه‌وێت ئۆكرانیا داگیر بكات، كه وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیه، بۆیه نابێت ئێمه ئه‌مه قبووڵ بكه‌ین و ئه‌مه خاڵی وه‌رچه‌رخانه سه‌باره‌ت به یه‌كێتی ئه‌وروپا.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌مه ته‌نیا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوو لایه‌ن نییه، به‌ڵكو ئه‌مه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوو جیهانی جیاوازه، ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه دیكتاتۆریه‌ت رووبه‌ڕووی جیهانێكی دیموكراتی ده‌بێته‌وه، ململانێكه له‌نێوان میانڕه‌وی و توندڕه‌وی دایه، ئێستا ئاینده‌ی ئۆكرانیا له مه‌ترسیدایه، بۆیه ده‌بێت ئێمه ئه‌و ئاینده‌یه یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه نه‌ك پوتن.. ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی خۆمان به‌كاربهێنین و دیموكراتیه‌ت سه‌ركه‌وێت نه‌ك دیكتاتۆریه‌ت، پێویسته هێزی خۆمان بۆ به‌رگریكردن له دیموكراسیه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی ئۆكرانیا به‌كاربهێنین.
ڤۆندێرلاین گوتی: یه‌كێتی ئه‌وروپا كه له 27 وڵات پێكهاتووه، باوه‌شی بۆ خه‌ڵكی ئۆكرانیا كردووه‌ته‌وه، كه له هه‌ڕه‌شه و بۆردومان و چه‌وساندنه‌وه‌ی رووسییه‌كان هه‌ڵاتوون، ده‌بێت به‌ڵێن بده‌ین كه له ئێستا و داهاتوودا یه‌كێتی ئه‌وروپا پشتیوانی له خه‌ڵكی ئۆكرانیا ده‌كات.
سه‌رۆكی كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا جه‌ختیكرده‌وه، پێویسته هه‌رچی زووه سیسته‌می به‌رگری كارا بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی گیانی خه‌ڵكی ئۆكرانیا پارێزراو بێت. گوتیشی: ئه‌و یه‌كگرتووییه‌ی له چه‌ند رۆژی رابردوودا یه‌كێتی ئه‌وروپا نیشانی‌دا، جێگه‌ی شانازییه و پێویسته هه‌موو لایه‌كمان له‌سه‌ر به‌سزاگه‌یاندنی به‌پرسانی باڵای رووسیا یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بین و روونیشیكرده‌وه، ئه‌و سزایانه‌ی له چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پێندراون، له مێژوودا نه‌بووه، هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه كاریگه‌رییه‌كان راسته‌وخۆ ده‌رنه‌كه‌ون، به‌ڵام وا له رووسیا ده‌كه‌ین كه له جیهان داببڕێت. ئاشكراشیكرد، سیسته‌می جه‌واڵه‌كردنی هه‌ژماره بانكییه‌كانی رووسیا له ده‌ره‌وه راده‌گرن و هه‌ژماره‌كانیان بلۆك ده‌كه‌ن و چه‌ندین كه‌رتی ئابووری رووسیایان كردووه‌ته ئامانجی سزاكانیان.
ڤۆندێرلاین گوتی: رێگری له پێشخستنی سیسته‌می به‌رگری، هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و غاز و ده‌كه‌ین و چیتر رێگه‌یان پێ ناده‌ین به ئاره‌زووی خۆیان له وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بخولێنه‌وه و چیتریش رێگه به‌و ده‌زگایانه‌ی پڕوپاگه‌نده ناده‌ین "هه‌واڵه ناڕاسته‌كانی كریملن و به‌رپرسانی باڵای رووسیا به ئه‌وروپادا بڵاو بكه‌نه‌وه"، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌نگاوێك به‌رامبه‌ر "توندڕه‌وییه‌كانی رووسیا"، كه به‌رامبه‌ر ئۆكرانیا ئه‌نجامیداون.
گوتیشی: هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانیان له ئه‌مه‌ریكا، كه‌نه‌دا، به‌ریتانیا، نه‌رویج، ئوستراڵیا و ژاپۆن له دژی رووسیا گرتوویانه‌ته به‌ر و له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا 30 وڵات سزای ئابوورییان به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاندووه.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر نیازی پوتن پارچه‌پارچه‌كردنی ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپا بێت، ئه‌وا "به‌هه‌ڵه‌دا چووه" و به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و هه‌نگاوه‌ی پوتن وایكرد، له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا یه‌كگرتووتر ده‌ركه‌وین و به‌مه‌ش شكست به ئامانجه‌كانی پوتن هێنرا.
H.B