رووماڵ

زێلێنسکی بۆ ئه‌وروپییه‌كان: به‌ ته‌نیا جێمان مه‌هێلن

"ئەوەی رووسیا دەیکات تیرۆریزمی جیۆ سیاسیە"

به‌ ته‌نیا جێمان مه‌هێلن
به‌ ته‌نیا جێمان مه‌هێلن

K24 –هه‌ولێر:

سەرۆکی ئۆکرانیا لە نوێترین پەیامیدا لەبارەی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی رووسیا بۆ سەر سەنتەری شاری خارکێڤ و باڵەخانەیەکی حکومەتی ئۆکرانیا لە شارەکە رایگەیاند ئەو کارەی رووسیا ده‌یكات، تاوانی جەنگە و کارێکی تیرۆرستییە و دەبێ به‌رپرسانی رووسیا لەسەر ئەو کارانە لە دادگای نێودەوڵەتی دادگایی بکرێن.

ڤۆلۆدێمیر زێلینسکی  سەرۆکی ئۆکرانیا راشیگه‌یاند، بۆردومانەکانی رووسیا بۆ سەر ناوەڕاستی شاری خارکێڤ کارێکی روون و ئاشکراییە تیرۆرستییە و هیچ کەس ناتوانێت چاوپۆشی لێ بکات و لەبیری بکات.

زێلینسکی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، ‌بۆردومانەکانی خارکێڤ تاوانێکی جەنگی ئاشکرایە، دەبێت لە دوای ئەو کارەدا رووسیا بە تاوانباری جەنگ بناسرێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا لە گوتارێکدا کە بە ئۆنڵاین پێشکەشی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپای کرد، داوای لە سەرکردەکانی یەکێتییەکە کرد ئۆکرانیا بەتەنیا بەجێنەهێڵن و بیسەلمێنن کە ئەوروپییەکان هاوپەیمانی راستەقینەی ئۆکرانییەکانن و پشتگیرییان بکەن.

سه‌رۆكی ئۆكرانیا گوتی:‌ "بێ ئێوە، ئۆکرانیا بە تەنیا دەمێنێتەوە، ئێمە بەهێزیی و خۆڕاگریی خۆمان سەلماندووە، ئێمە ئەوەشمان سەلماندووە کە هیچ نەبێت وەکو ئێوە واین و یەکسانین، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیه‌ ئێوە خۆتان بۆ ئێمە بسەلمێنین و پشتمان تێنەکەن و بەتەنیا بەجێمان مەهێڵن، بیسەلمێنن کە بەراستی ئێوە ئەوروپین و ژیان بەسەر مردندا زاڵ دەبێت و رووناکی بەسەر تاریکیدا سەردەکەوێت.

لە کۆبوونەوه‌كه‌دا سەرجەم پەرلەمانتارەکانی ئەوروپا هەڵدەستنەوە سەرپێ و چەپڵە بۆ زێلێنسکی لێدەدەن.

سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەوەی روسیا دەیکات تیرۆریزمی جیۆ سیاسیە.

چارلس میشێل، سه‌رۆكی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا تایبەت بە دۆخی ئۆکرانیا و داگیرکارییەکانی روسیا راشیگەیاند، تەنیا ئۆکرانیا نیە کەوتووەتە بەر هێرش، بەڵکو یاسا نێودەوڵەتیەکان، سەروەری یاسا و دیموکراسی، و کەرامەتی مرۆڤیش کەوتووەتە بەر هەرەشە.