گولـلە توپێکی تورکیا بەر ماڵی هاووڵاتییەکی سنووری ئامێدی کەوت
زیانی گیانی نەبووە

K24 - دهۆک
شەوی رابردوو گولـلە تۆپێکی سوپای تورکیا بەر ماڵی هاوڵاتییەکی گوندی هرۆرێ-ی سەر بە ناحیەی کانی ماسی کەوت و زیانی مادی زۆری لێکەوتەوە.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندەکە بەناو نزار ئەدیب بە کوردستان24ی راگەیاند: "گولـلە تۆپەکە بەر ماڵی (ئەمین هرۆری) کەوتووە، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، زیانی زۆر بەر ماڵەکە کەوتووە".
گوندی هرورێ دەکەوێتە سنووری ناحیەی کانی ماسی سەر بە قەزای ئامێدی، بەهۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان، چەندین جار گولـلە تۆپ و مووشەکی سوپای تورکیا بەر گوندەکە کەوتوون و زیانی بە هاووڵاتییان گەیاندووە.