زیلینیسکی: رووسیا کارەسات دووبارە دەکاتەوە
رووسیا وێستگەیەکی ئەتۆمی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بۆردوومان کرد

K24 - هەولێر
هێزی ئاسمانی رووسیا وێستگەیەکی ئەتۆمی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بۆردوومان کرد و سەرۆکی ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت، رووسیا بە نیازە کارەسات دووبارە بکاتەوە.
هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێی نایە نۆیەم رۆژەوە، لە نوێترین پێشهاتیشدا، وێستگەی ئەتۆمی زابوریجیای، لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیای بۆردوومان کرد و ئاگر لە بەشێکی کەوتەوە.
لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمێر زیلینیسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، رووسیای بە پەنابردنەبەر تۆقاندن لە رێگەی هەڕەشەی ئەتۆمی و دووبارەبوونەوەی کارەساتی چێرنۆبڵی ساڵی 1986 تۆمەتبارکرد.
هەر لەسەر ئەم بۆردومانە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، پەیوەندی بە زیلینسکییەوە کرد و داوایکرد، مۆسکۆ رێگە بە تیمەکانی بەرگری شارستانی بدات، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هێزەکانی رووسیا، هەوڵ بۆ پێشڕەوی زیاتر بەرەو کیێڤی پایتەخت دەدەن، بەتایبەت دوای کۆنتڕۆڵ کردنی شاری خیرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا.
ئاژانسی فرانس پرێسیش بڵاویکردەوە، بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، داوای کۆبوونەوەیەکی دیکەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، هاوکات دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، پوتن نیازی راگرتنی شەڕی نییە.