وەزیری دەرەوەی سوید: 5 هەزار چەکی دژە تانک بۆ ئۆکراینا دەنێرین

"فشار دەکەوێتە سەر خەڵک و بەرپرسانی وڵاتەکانی دەوروبەریش"

K24 - ستۆکهۆڵم

ئان لیندە، وەزیری دەرەوەی سوید له‌ باره‌ی شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا رایگەیاند "مۆسكۆ هێرشی كردووه‌ته ‌سه‌ر وڵاتێکی دیموکرات و ئازادیخواز، ئێمه‌ به‌ چه‌كی دژه‌ تانك هاوكاری ئۆكرانیا ده‌كه‌ین".

ئان لیندە، وەزیری دەرەوەی سوید بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە راستەوخۆ ھیچ ھەڕەشەیەکی سەربازیی بۆ سەر سوید نابینین، بەڵام کاتێک کە رووسیا ھێرشی سەربازیی دەکاتە سەر وڵاتێکی دیموکرات و ئازادیخوازی وەکو ئۆکرانیا، بێگومان فشار دەکەوێتە سەر خەڵک و بەرپرسانی وڵاتەکانی دەوروبەریشی، ھەر بۆیە ئەمە فشارە بۆ سەر سویدیش".

گوتیشی: "سەبارەت بە پەنابەران وەزیرەکانی ناوخۆی ئەروروپا بڕیاریانداوە ئاسانکاری بکەن. ئێستا بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆزە، بەڵام سوید لە بواری ئاسایش و چەکەوە وڵاتێکی ئازادە و کەس ناتوانێت ناچاری بکات بۆ ھیچ کارێکی سەربازیی، ئێمەش وەک فینلاند پەیوەندییەکی زۆر نزیکمان لەگەڵ ناتۆ ھەیە. پەیوەست بە چەک و کەرەستەی سەربازیی، لەگەڵ وەزیرانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پەیوەندیمان ھەیە، ھەروەھا رێکەوتمان لەگەڵ نزیکەی 30 وڵات و رێکخراو ھەیە. لەگەڵ ئەوەی ئێمە بەرگرییەکی زۆر بەھێزمان ھەیە، بەڵام سەرۆک وەزیران داوای کردووە، کە لە بواری بەرگری دەبێت لەوەش زیاتر و بەهێزتر بکرێت". 

وەزیری دەرەوەی سوید، ئاماژەی بەوەشدا: "بە یاسایی ناردنی چەک  حکومەتی سوید بڕیاری لەو شێوەیەی نییە، کە چەک نەدات بە ھیچ وڵاتێک، بەڵکو چەند ساڵێک پێش ئێستا لایەنی پەیوەندیدار لە سوید بەو بڕیارەدا چوونەوە، کەمێک بڕیارەکانی چەک پێدانیان توند کرد بوو، کۆتا جار لە ساڵی 1939 بوو، کە بڕیاریاندا چەک بنێرن بۆ وڵاتێک کە لە ناو شەڕدا بوو. لەو کاتەوە ھەتا ئێستا ئەو بڕیارە وەک خۆی ماوەتەوە، ھەربۆیە حکومەت ئێستا بڕیاریدا، 5 هەزار چەکی دژە تانک بۆ ئۆکراینا بنێرێت".