چی له‌ناو وێستگه‌ی زابۆریجیای ناوه‌كی ده‌گوزه‌رێت؟
ئاژانسی ئه‌تۆمیی ئۆكرانی رووبه‌ڕووی ژماره‌یه‌ك كێشه‌ی سه‌ره‌كی بووه‌ته‌وه

K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئه‌وپه‌ڕی نیگه‌رانی خۆی له‌باره‌ی دۆخی وێستگه ئه‌تۆمییه‌كانی شاری زابوریجیای باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا راگه‌یاند، كه له هه‌فته‌ی رابردووه‌وه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رووسیاوه كۆنترۆڵ كراوه.
ئاژانسه‌كه رایگه‌یاند، "هێزه‌كانی رووسیا له‌و وێستگانه به‌شێك له تۆڕه‌كانی ته‌له‌فۆن و ئینته‌رنێتیان داخستووه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت له رێگه‌ی كه‌ناڵه ئاساییه‌كانه‌وه هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی دۆخی ناو وێستگه‌كان نه‌زانرێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "ئاژانسی ئه‌تۆمیی ئۆكرانی رووبه‌ڕووی ژماره‌یه‌ك كێشه‌ی سه‌ره‌كی بووه‌ته‌وه، به‌دیاریكراویش له په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی ناو وێستگه‌كانی زابۆریجیا".
هێرشی رووسیا له ئۆكرانیا بۆ سه‌ر گه‌وره‌ترین وێستگه‌ی ناوه‌كی له ئه‌وروپا مه‌ترسی ئه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه، كه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی به‌دواوه بێت، دواتریش وڵاتانی جیهان كۆنترۆڵكردنی ئه‌و وێستگانه له‌لایه‌ن رووسیا و پچڕاندنی په‌یوه‌ندیی كارمه‌ندانی وێستگه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئۆكرانیا، لێشاوێك له ئیدانه‌كردن له‌لایه‌ن وڵاتانی جیهانه‌وه بۆ مۆسكۆ به‌دوای خۆیدا هێناوه، له‌كاتێكدا واشنتن جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، "كۆنترۆڵكردنی ئه‌و وێستگانه له‌لایه‌ن رووسیاوه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ئه‌وروپا و جیهان به گشتی".
رۆژی هه‌ینی هێزه‌كانی رووسیا وێستگه ناوه‌كییه‌كانی له شاری زابۆریجیا كۆنترۆڵكرد، به گوته‌ی ئۆكرانییه‌كان، به‌هۆی تۆپبارانی هێزه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئه‌و وێستگانه، ئاگرێك له ده‌وروبه‌ری بنكه ناوه‌كییه‌كه كه‌وته‌وه، به‌ڵام مۆسكۆ ره‌تی ده‌كاته‌وه كه ئاگره‌كه له ئه‌نجامی بۆردومانه‌كانی سوپای وڵاته‌كه‌یانه‌وه بووبێت.
وێستگه‌ی زابۆریجیا كاره‌با بۆ 4 ملیۆن ماڵی ئۆكرانی دابین ده‌كات، پێشتریش ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی رایگه‌یاندبوو، هیچ زیانێك به ئامێره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و وێستگه‌یه نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام به گوته‌ی كۆمپانیای "ئێنیر گواتم"ی به‌كارخه‌ری دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كان له كیێڤ، له هێرشه‌كه‌دا 3 سه‌ربازی ئۆكرانی كوژراون.
هێرشی سه‌ر وێستگه‌ی ناوبراو ئاستی نیگه‌رانییه‌كانی لای وڵاتانی رۆژئاوا به‌رز كرده‌وه، وێڕای نیگه‌رانییه‌كان له‌باره‌ی چڕكردنه‌وه‌ی هێرش و بۆردومانه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر شاره‌كانی ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رووسیاوه.
بۆ بینینی نوێترین ڤیدیۆی شه‌ڕی ئۆكرانیا جۆیینی كه‌ناڵی كوردستان24 له تێلیگرام بكه
H.B