شاندێکی پەرلەمانی عێراق گەیشتنە شوێنی هێرشە مووشەکییەکە

زاملی: بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لێرەین

K24 - هەولێر:

شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە پێکهاتووە لە جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە حاکم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا، گەیشتنە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان.

شاندەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و جێگری پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازیان لێکرا.  

ئامانجی سەردانی شاندەکە گفتوگۆکردنە سەبارەت بەو رووداوانە و ئەو پەلامارەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر شاری هەولێری ئەنجامدا، کە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی بە ئامانج گرتووە.

شاندەکە پێکهاتوون لە حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێڕاق، د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نایف موکەیف ئەلشمری جێگری سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، عەتوان سەید حسێن عەتوانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی قانون، عەباس شعیل ئەلزاملی، سەرۆکی فراکسیۆنی فەتح، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی.

حاکم زاملی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەردانی هەولێریان کردووە بۆ بینین و زانینی راستیەکان و هۆکارەکانی ئەو بۆردومانە.

حاکم زاملی گوتیشی: بە شێوەیەکی مەیدانی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین، باش دەزانین بە ئامانجگرتنی هەر شوێنێکی عێراق، بەئامانجگرتنی هەموو عێراقە، پەرلەمانی ئەمجارە جیاوازە، چونکە گرنگیەکی زۆر بە تەواوی گەلانی عێراق دەدات.

حاکم زاملی باسی لەوەشکرد، ئەوان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە هاتوونەتە هەولێر و راسپاردەکانی خۆیان بەرز دەکەنەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.

Fly Erbil Advertisment