حاکم زاملی: هێرشەکردنەکە بێ بیانووە و هیچ پاساوێکی نییە
ئەنجامی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر
K24 - هەولێر:
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، حاکم زاملی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشەکردنەکە بێ بیانووە و هیچ پاساوێکی نییە، ئێمە رێگە نادەین دەزگا و بارەگای هیچ وڵاتێک لێرە هەبێت.
حاکم زاملی راشیگەیاند، "پێشوازیکردن لە رێبەر ئەحمەد دەستپێشخەرییەکی زۆر باش بوو، ئێمە وڵاتێکی هاوبەشمان هەیە هەر هێرشێک بۆسەر هەولێر هێرشە بۆ سەر عێراق."
گوتیشی "ناتوانین پێش رووداوەکان بکەوین و ئەوکاتە قسە دەکەین کە تەواوی رێکارەکان تەواو دەبن، عێراق وڵاتێکی لاواز نییە، ئێمە رووبەڕووی داعش بووینەوە، راستە هەندێک ناکۆکی هەیە، بەڵام ئەمە مانای لاوازی عێراق نییە."
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "هێرشەکردنەکە بێ بیانووە و هیچ پاساوێکی نییە، ئێمە رێگە نادەین دەزگا و بارەگای هیچ وڵاتێک لێرە هەبێت، ئەنجامەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران بڵاودەکەینەوە و دواتر بۆ حکومەتی عێراقی دەنێرین و قسەی دیکەمان دەبێت."
لەلایەکی دیکەوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەوە لە کۆنفراسەکەدا گوتی "ئێمە پێشوازی لە راپۆرتی هەر دەزگا و دامەزراوەیەك دەکەین، کە ئەو پاساوانەی بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە خرانەڕوو، پشتراست بکاتەوە."
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، ئەو شوێنەی هێرشی کراوەتە سەر ماڵی وەبەرهێنێکی کوردی عێراقییە و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە کەسایەتیکەی ناسراوە، وەک لیژنەی بەدواداچوون بۆ راستییەکانیش بۆیان ئاشکرابوو، ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو خێزانەیە و هیچ شتێکی گوماناوی تێدا نەبووە.
ناوبراو گوتیشی "بۆردومانی هەولێر بەزاندنی سنووری عێراق و پێشێلکردنی رێککەوتننامە و پەیماننامەکانی وڵاتانی دراوسێیە، بەداخەوە ئەو مووشەکانەی بۆ پەلاماردانی هەولێر بەکارهاتوون، مووشەکی زیرەک و مەودا."