رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی عێراقی ئه‌وه‌یان زانی كه پاساوی مووشه‌كبارانه‌كه‌ی هه‌ولێر بێ بنه‌مان
K24- هه‌ولێر:
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی حاكم زاملی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌دواداچوون بۆ راستییه‌كان له‌باره‌ی مووشه‌كبارانه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر و كوردستان24 و هاوكات جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی كرد و رایگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئاماژه‌یه‌كه بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
ئه‌م گوتانه‌ی رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ حاكم زاملی له دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌باره‌ت به راپۆرتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له مووشه‌كبارانه‌كه هاتوون و گوتی: ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر هه‌ر ناوچه‌یه‌كی عێراق، ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر ته‌واوی وڵات.
دووپاتیشیكرده‌وه، سه‌روه‌ری عێراق سه‌روه‌ری یه‌كگرتووه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت ده‌ستدرێژی بكرێته سه‌ری و هه‌موو لایه‌ك شانبه‌شانی یه‌ك بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پاساوه بێ بنه‌ما و دووره راستییانه ده‌وه‌ستینه‌وه، كه بۆ ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ناوچه‌یه‌ك ده‌هێننه‌وه، كه شوێنی نیشته‌جێبوونی سڤیله و هیچ بنكه و باره‌گایه‌ك له‌و شوێنه نییه كه كراوه‌ته ئامانجی مووشه‌كبارانه‌كه و ئه‌وه‌ی له‌وباره‌یه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، له هه‌موو راستیێكه‌وه دووره.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و شاندانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد و لێكۆڵینه‌وه‌یان له شوێنی مووشه‌كبارانه‌كه كرد، گه‌یشتوونه‌ته راستییه‌كی زۆر روون، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئه‌و شوێنه‌ی هێرشی كراوه‌ته سه‌ر، شوێنی مانه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌رێكی عێراقی و خێزانه‌كه‌یه‌تی و كه‌سێكی ناسراو و دیاره لسه‌ر ئاستی عێراق، نه‌ك ته‌نها هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندی زۆر باشی له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌رانی دیكه‌ی عێراقی هه‌یه.
وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیكرده‌وه، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له راستییه‌كان له نزیكه‌وه شوێوونه‌كه‌یان بینی و ژوور به ژووری شوێنه ئامانجكراوه‌كه‌یان به‌سه‌ركرده‌وه و به‌چاوی خۆیان بینی، كه ئه‌و شوێنه‌ی مووشه‌كباران كراوه، تایبه‌ت بووه به خێزان و ژووری خه‌وتن و میوانخانه و ژووره‌كانی یاری منداڵانیان له‌و خانووه راسته‌وخۆ بینی و ئه‌و خانووه شوێنی نیشته‌جێبوونی خێزان بووه و هیچ مه‌ترسییه‌كی بۆ سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێش نه‌بووه.
هه‌وره‌ها گوتی: ئێمه دووباره دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه و خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكی نه‌گۆڕین و ئیدانه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه ده‌كه‌ین، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش كه ئه‌مڕۆ تێیدا به‌شدار بووم، جارێكی دیكه داوامان كرد، دووباره لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گشتگیر له‌وباره‌یه‌وه بكرێته‌وه و عێراق، وڵاتانی عه‌ره‌بی، وڵاتانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت نوێنه‌رانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا به‌شدار بن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێمه تا ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كی ئابووری، بازرگانی باشمان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه و شانده‌كانمان سه‌ردانی به‌رده‌وامیان بۆ وڵاتانی یه‌كتر هه‌یه و هیچ زانیارییه‌ك به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌دراوه، كه ئه‌و شوێنه مه‌ترسی بۆ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ هه‌یه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ئێمه به‌وپه‌ڕی سینگفراوانییه‌وه پێشوازی له هه‌ر راپۆرت و به‌ڵگه‌یه‌ك له هه‌ر لایه‌نێك ده‌كه‌ین، كه ئه‌وه پشتڕاست بكاته‌وه، كه ئه‌و شوێنانه‌ی كراونه‌ته ئامانج، كه‌سێكی ئه‌و لایه‌نه‌ی لێبێت، كه ئێران باسی لێوه ده‌كات.
دوای سه‌ردانه‌كه‌ی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له راستییه‌كان له شوێنی مووشه‌كبارانه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له نزیك دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 به سه‌رۆكایه‌تی حاكم زاملی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ به‌غدا، ئه‌مڕۆ له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا راستییه‌كان خرانه روو و له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه هاوبه‌شه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، حاكم زاملی گوتی: ئه‌و پاساوانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كات، هی بنه‌مایه‌كی راستییان نییه و دووپاتیكرده‌وه، شوێنه ئامانجكراوه‌كه شوێنی نیشته‌جێبوونی سڤیله و هیچ بنكه و باره‌گایه‌ك له‌و شوێنه نییه.
H.B