"پڕۆسه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕە به‌كۆمه‌ڵه‌كانی گوندی حه‌ردان ته‌واو بوون"
"ئەمەی دوو هەفتە پێش ئێستا دەستی پێ کرد لە ناوچەی حەردان بوو بریتیی بوو لە چوار گۆڕی بەکۆمەڵ"
K24- هه‌ولێر:
بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ئاشكرای ده‌كات، پڕۆسه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی چوار گۆڕە به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دووڕیانی گوندی حه‌ردان ته‌واو بووه و رووفاته‌كان نێردراون بۆ پشكنینی دادوه‌ریی.
به‌ره‌ڤان حه‌مدی بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان رایگەیاند، هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان پڕۆسه‌یه‌كه بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەرەدەوامە، ئەم یاسایە لەلایەن تیمی نیشتمانیی بە هەماهەنگی یونیتاد و لیژنەی نێودەوڵەتیی بۆ کەسانی بێسەروشوێن دەست بە هەڵدانەوەیان کراوە.
به‌ره‌ڤان حه‌مدی، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، ئەمەی دوو هەفتە پێش ئێستا دەستی پێ کرد لە ناوچەی حەردان بوو بریتیی بوو لە چوار گۆڕی بەکۆمەڵ، پڕۆسەکە لەماوەی 16 رۆژدا تەواو بوو، رووفاتەکان هەڵگیراونه‌ته‌وه و بەرەو پزیشکی دادوه‌ری بۆ بەغدا گوازرانه‌وه، پێشبینی دەکرێت پشکنینی ئێسک وەربگیرێت، دوای پشکنینەکەش لەیەکچوون دەکرێت لەگەڵ نموونەی ئەو خوێنەی کە لە کەسوکاری قوربانییەکان وەرگیراوە.
بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، راشیگه‌یاند، به پێی زانیارییە سه‌ره‌تاییه‌كان، پێشبینی دەکەین ئەو خەڵكە، خەڵکی سڤیلی ناوچەی شنگال و حەردان و دەورووبەری بن، چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین کە لەلایەن پزیشکی دادوه‌ریی دەردەچێت و دواتر بەپێی رێکارە یاساییەکان بۆ سپاردنی رووفاتەکان ئه‌نجام ده‌درێن.
سه‌باره‌ت به مێژووی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، به‌ره‌ڤان حه‌مدی ئاماژه به‌وه ده‌دات، رووفاته‌كان هەمووی بۆ سه‌رده‌می پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش بۆسەر قه‌زای شنگال له ساڵی 2014 ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئەم تاوانە تاوانی کۆمەڵکوژییە، هەموو ئەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتانەی لەبەردەستدایە سەلمێنەری ئەوەیە کە تیرۆریستانی داعش تاوانەکانیان له‌م شوێنه ئەنجامداوە.
بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، روونیكرده‌وه، گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان مێردمنداڵ و پیاوی تێدایه و گۆڕێكی دیكه‌ی تایبه‌ت به ئافره‌تانیشی تێدایه.
ده‌شڵێت ''تەمەنەکان جیاوازن، لە مێردمنداڵییەوە تا تەمەنی گەورەی تێدایە، ئەو تاوانەی لەم سنوورەکراوە، زیاتر قوربانییەکان پیاو و مێردمنداڵن، هەروەها یەکێک لە گۆڕەکان کە تا ئێستا هەڵنەدراوەتەوە تایبەتە بە ئافرەتان کە دەکەوێتە نزیک پەیمانگا لە شنگال ئەویش لە چوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەدایە و لە قۆناغەکانی داهاتوودا کاری لەسەر دەکەین''.
بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان باس له‌وه ده‌كات، "بە گشتی 72 گۆڕی بەکۆمەڵ تەلبەندکراوە، بەو گۆڕە نوێیانە کە وەکو موتەفەریقە دیاریکراوە دەبێتە 81 گۆڕی بەکۆمەڵ، سێ گۆڕی یەکەم لە سنوونێ و خانەسوور، دواتر 16 گۆڕ لە سنووری گوندی کۆجۆ هه‌ڵدرانه‌وه، ئێستاش ئەوەی گوندی حەردان دەستی پێ کردووە کە چوار گۆڕی بەکۆمەڵە، واتا لە کۆی 72 گۆڕ ئەو سێ قۆناغەی ئاماژەمان پێی کرد هەڵدراوەتەوە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین".