پشتیوان سادق: هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر پێكه‌وه‌ژیانی هه‌رێمی كوردستان
سه‌رۆكی دیوانی وه‌قفی سوننی: ئه‌و سیفه‌تانه‌ی كۆمان ده‌كه‌نه‌وه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت ده‌ستی بۆ ببرێت

K24- هه‌ولێر:
دوای كۆبوونه‌وه‌ی پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شێخ عه‌بدولخالق ئه‌لعه‌زاوی، سه‌رۆكی نوێی دیوانی وه‌قفی سوننی گوتی: له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێمی كوردستان و دیوانی وه‌قفی سوننی كرا و جه‌خت له‌وه كرایه‌وه، كه ده‌كرێت له‌میانه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه هه‌ردوو لا سوود له ئه‌زموون و شاره‌زایی یه‌كتر وه‌ربگرن.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دیوانی وه‌قفی سوننی، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "پێشتریش وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ی له‌گه‌ڵ دیوانی وه‌قفی سوننی هه‌بوو، ئێستاش به‌و هیوایه‌ین له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆكی نوێی دیوانی وه‌قفی سوننی، په‌ره‌ی زیاتر به‌و په‌یوه‌ندییانه بده‌ین، به‌تایبه‌ت له‌بواری خوله‌كان و هه‌ڵمه‌ته‌كانی هۆشیاری و گوتاری ئایینی".
گوتیشی: "گوتاری ئایینی له هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی میانڕۆیه و له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌تكردنه‌وه‌ی تایفه‌گه‌ری و به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه، برایه‌تی و مرۆیی له نێوان ته‌واوی پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی عێراق و كوردستان بونیات نراوه".
جه‌ختیشیكرده‌وه، "به‌هێزكردن و پته‌وكردنی بنه‌مای خۆشه‌ویستی و دۆستایه‌تیی نێوان پێكهاته‌كانی عێراق، به‌تایبه‌تی له‌م قۆناغه‌دا، زه‌روره‌تێكی حه‌تمییه، به‌تایبه‌ت كه ئێستا عێراق له هه‌موو رووێكه‌وه به قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاردا گوزه‌ر ده‌كات".
گوتیشی: "له كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه ئه‌و ده‌ستدرێژیه‌ی وڵاتێكی دراوسێی وه‌ك ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر برایه‌تی و مرۆڤایه‌تی و ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی له كوردستان و سه‌رانسه‌ری عێراق هه‌یه".
هه‌روه‌ها گوتی: هیوادارین بتوانین گه‌شه به‌و په‌یوه‌ندییانه بده‌ین و ده‌توانم بڵێم: كه په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ دیوانه‌كانی وه‌قفی شیعی، مه‌سیحی و ئێزیدییه‌كانیش په‌یوه‌ندی زۆر باش و به‌هێزن.
هه‌ر له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌دا، عه‌بدولخالق عه‌زاوی، سه‌رۆكی نوێی دیوانی وه‌قفی سوننی دووپاتیكرده‌وه، ئێمه براین و یه‌ك وڵات كۆمانده‌كاته‌وه و هه‌ندێك سیفه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی كۆمان ده‌كه‌نه‌وه، كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت ده‌ستی بۆ ببرێت.
H.B