وڵاتێکی دیکە هاوکاریی سەربازی رەوانەی ئۆکرانیا دەکات
جگە لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا سزای بەسەر چەندین دامەزراوەی رووسییدا سەپاندووە

K24 - هەولێر:
سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا، جاسینا ئاردێرن رایگەیاند، وڵاتەکەی بە بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری نیوزلەندی (نزیکەی 3.45 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) هاوکاریی سەربازی رهوانهی ئۆکرانیا دهكات.
سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا، لە راگەیاندراوێکدا کە لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئەوەی خستووەتەڕوو، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا، دەنیس شمیهال و لەسەر داوای حکوومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری رەوانەکردنی هاوکاریی سەربازی دراوە.
ئاردێرن بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا جەختی لە رەوانەکردنی هاوکاریی سەربازیی لەلایەن نیوزلەندا بە بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری نیوزلەندی (نزیکەی 3،45 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) بۆ ئۆکرانیا کردووەتەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا، ئاماژەی بە بەردەوامیدانی ناردنی هاوکاریی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا کردووە و هاتووە: "لە پێناو پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا ئەو ئەرکەی لەسەرشانمانە بەجێی دەگەیەنین. ئەو هاوکارییەی رەوانەی دەکەین لەسەر داوای حکوومەتی ئۆکرانیا بوو کە کاروانی هاوکارییەکە چەندین کەرەستەی سەربازی ستراتیژی وەکو جلوبەرگی سەربازی، کڵاوی پاراستن، دژەگولـلە، سووتەمەنی و فریاگوزاری سەرەتایی لەخۆ دەگرێت".
نیوزلەندا پێشتریش بڕیاری ناردنی هاوکاریی مرۆیی بە بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری نیوزلەندی بۆ ئۆکرانیا دابوو.
بەمەش تاوەکو ئێستا نیوزلەندا کۆی گشتی بەبڕی 10 ملیۆن دۆلاری نیوزلەندی (نزیکەی 7،6 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) هاوکاری پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە.
نیوزلەندا لە چوارچێوەی ئەو سزایانەی بەسەر رووسیادا سەپاندوویەتی، قەدەغەی گەشتکردنی بەسەر 364 کەسایەتی سەربازی و سیاسی سهپاندووه. جگە لەمەش، نزیک بوونەوەی کەشتی و بەلەم و فڕۆکەی رووسیای لە سنوورە ئاوییەکانی وڵاتەکەی قەدەغەکردووە. هەروەها سزای بەسەر چەندین هاووڵاتی سڤیل و دامەزراوەی رووسییدا سەپاندووە.
AA