بۆچی سوپای رووسیا زۆری لێدهكوژرێت؟
"تا ئه‌مساته كوژرانی سه‌ربازانی رووسیا له ئۆكرانیا زیاتره له ژماره‌ی ئه‌و سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكییانه‌ی له عێراق و ئه‌فغانستان كوژراون"
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
له‌ماوه‌ی زیاتر له سێ هه‌فته‌ی رابردوودا، سوپای رووسیا له ئۆكرانیادا زۆرترین كوژراوی هه‌یه به به‌راورد به‌هه‌موو ئه‌و شه‌ڕانه‌ی له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه روویانداوه.
دوێنێ 21ی ئادار (مارسی 2022) رۆژنامه‌ی كۆمسۆمۆلسكایا پراڤدا-ی میللی سه‌ر به كرملین له راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه كه 9 هه‌زار و 861 سه‌ربازی رووسیا له‌ماوه‌ی 24ی شوبات تا 21ی ئادار كوژراون.
سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا بووه، به‌ڵام پاش چه‌ند كاتژمێرێك له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه، له‌سه‌ر پێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌واڵه‌كه لاده‌برێت و داوای لێبووردن له خوێنه‌ران ده‌كرێت به‌هه‌ڵه هه‌واڵه‌كه‌یان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه.
هه‌واڵه‌كه‌ی رۆژنامه‌ی كۆمسۆمۆلسكایا پراڤدا پاش 2 رۆژ له راپۆرتێكی زه نیویۆرك تایمز دێت كه تێیدا ئاماژه‌ی به كوژرانی 7 هه‌زار سه‌رباز كردووه له ریزه‌كانی سووپای رووسیا له‌ماوه‌ی رابردوودا.
به‌پێی راپۆرتێكی زه واشنتن پۆست پسپۆرانی بواری جه‌نگ له ئه‌مه‌ریكا كوژرانی بێ‌شومار له ریزه‌كانی سوپای رووسیا بۆ 3 هۆكار ده‌گه‌ڕێننه‌وه، یه‌كه‌میان: ئه‌و رووبه‌ره‌ی سوپای رووسیا كه له‌نێو خاكی ئۆكرانیا، شه‌ڕی تێداده‌كه‌ن، رووبه‌رێكی فراوانه، دووه‌م: ئه‌و پرۆ-رووسیایانهی كه له‌نێو خاكی ئۆكرانیا بوون له‌دوای داگیركردنی (دۆنباس) به‌رده‌وام نه‌بوون له جه‌نگین شانبه‌شانی سوپای رووسیا و ته‌نانه‌ت نه‌بوونه رێنیشانده‌ری سوپای رووسیاش، سێیه‌م: سوپای رووسیا خۆی بۆ جه‌نگی درێژخایه‌ن ئاماده‌نه‌كردبوو، به‌ڵكو مۆسكۆ و به‌تایبه‌تی ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی رووسیا له‌لایه‌ن هه‌واڵگرییه‌وه وایان بۆ خه‌مڵاندبوو كه له‌ماوه‌ی 72 كاتژمێردا كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی زیلینسكی و كه‌وتنی (كیێڤ) دێنێت.
به‌ڵام دیمه‌نه‌كه هه‌مووی پێچه‌وانه بووه‌وه، ئێستا جه‌نگ به‌رده‌وامه و پێناچێت وا زوو كۆتایی بێت، هه‌ردوولا فشار له‌سه‌ر یه‌كتر ده‌كه‌ن تا ببێته چه‌كێك بۆئه‌وه‌ی هه‌ردوولا زۆرترین ده‌ستكه‌وتیان له‌نێو كۆی ئه‌و دانیشتن و گفتووگۆكاندا چنگ بكه‌وێت، كه تا ئه‌مڕۆ 22ی ئادار (مارسی 2022) گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولا سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی وه‌ستانی جه‌نگ، له سه‌ر سنووری بێلارووس به‌رده‌وامه.
رۆژنامه‌ی زه نیویۆرك تایمز رۆژی 16ی ئادار (مارسی 2022) نووسیویه‌تی: "زیانی گیانی و ماددی بێشوومار به هه‌ردوو لایه‌نی جه‌نگ كه‌وتووه، به‌تایبه‌تی كوژرانی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له نێو شاره گه‌مارۆدراوه‌كانی وه‌ك خاركێڤ و ماریۆپۆل".
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی زه نیویۆرك تایمز، راپۆرتێكی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكی ده‌ریخستووه كه تا رۆژی 16ی ئادار (مارسی 2022) نزیكه‌ی 7 هه‌زار سه‌ربازی رووسیایی كوژراون كه له‌نێویشیاندا 5 ئه‌فسه‌ری پله باڵای تێدایه و له‌نێوان 12-14 هه‌زار سه‌ربازیش بریندار بوون، ده‌شڵێت: "تا ئه‌مساته كوژرانی سه‌ربازانی رووسیا له ئۆكرانیا زیاتره له ژماره‌ی ئه‌و سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكییانه‌ی له عێراق و ئه‌فغانستان كوژراون چونكه ئه‌مه‌ریكا له عێراق 4 هه‌زار و 825 سه‌بازی له‌ماوه‌ی هه‌شت ساڵدا لێكوژراوه و له ئه‌فغانستانیش 3 هه‌زار و 576 سه‌ربازی لێكوژرا، له‌ماوه‌ی 2001 تا 2021 كه وڵاته‌كه‌ی به‌جێهێشت".
زۆرێك له كه‌سانی ئه‌كادیمی پێیانوایه ئه‌مه‌ریكا زۆریشی لێكوژراوه له چاو قه‌باره‌ی شه‌ڕه‌كه و هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی به‌رامبه‌ری، ده‌شڵێن، راسته له رووی ژماره‌وه به‌هه‌ردوو شه‌ڕه‌كه به‌رامبه‌ر ئه‌و ژماره‌ی كوژرانهی سه‌ربازه رووسه‌كانه له ئۆكرانیا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌نموونه عێراق وه‌رگرین، ئه‌مه‌ریكا له عێراق تووشی شه‌ڕی قورس نه‌بوو جگه له شاری ناسریه و فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا نه‌بێت، له‌هه‌مانكاتدا رووبه‌ری شه‌ڕی زه‌مینی له عێراق فراوان نه‌بوو، سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌یه‌ك ده‌روازه‌وه شه‌ڕی ده‌ست پێكرد، ئه‌ویش باشوور و به‌تایبه‌تی له به‌سره، به‌ره‌و ناسریه و ئه‌نبار، وێرای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌باكوری عێراقه‌وه تووشی هیچ شه‌ڕێك نه‌بوو، ئه‌مه جگه له‌خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوای عێراق كه هیچ هێرشێكی لێوه نه‌كرا، به‌ڵام رووسیا به‌ده‌یان به‌ره‌ی شه‌ڕی له‌خۆی كردووه‌ته‌وه، ته‌نیا له به‌ری خۆرئاواوه ئۆكرانیا نه‌بێت.
پرۆفیسۆر مارك جۆهانسن مامۆستای زانستی سیاسه‌ت له زانكۆی مینیسۆتا به كوردستان 24ی وت: "به‌راوردكردنی شه‌ڕی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به رووسیا له ئۆكرانیا ناواقیعییه، چونكه سوپای ئه‌مه‌ریكا كاتێك چۆته عێراقه‌وه وه‌ك هێزێكی رزگاركه‌ر چووه بۆ روخانی سه‌دام نه‌ك داگیركردن".
ده‌شێت ئه‌م قسه‌ی جۆهانسن راست بێت، چونكه ئه‌گه‌ر له‌وكاته‌دا راپرسییه‌ك له‌نێو عێراقییه‌كان بكرایه ئه‌وا 90% عێراقییه‌كان زیاتر داوای لابردنی سه‌دامیان ده‌كرد، "له‌كاتی پرۆسه‌ی ئازادی عێراقدا به‌شی زۆری عێراقییه‌كان هاوكاری سوپای ئه‌مه‌ریكایان ده‌كرد دژی به‌عسییه‌كان" ئه‌و وه‌های وت.
به‌ڵام له‌سه‌دا چه‌ندی ئۆكرانییه‌كان داوای لابردنی زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا ده‌كه‌ن له رووسیا، جۆهانسن، وتیشی: "سه‌رخانی ئۆكرانیا له‌لایه‌ن رووسیاوه وێراندهكرێت، جا ئه‌گه‌ر سوپای رووسیا له ئۆكرانیا دوو ئه‌وه‌نده‌شی لێبكوژرێت هێشتا ئه‌و به‌راورده نادروسته، چونكه خه‌ڵكی ئۆكرانیا به‌ره‌نگاری ده‌كه‌ن و ده‌جه‌نگن به‌رامبه‌ر رووسه‌كان".
سایتی پۆلیتیكۆ له راپۆتێكدا زیانه گیانییه‌كانی رووسیا له ئۆكرانیا به‌راورد ده‌كات به شه‌ڕی Iwo Iima كه یه‌كێكه له جه‌نگه خوێناوییه‌كان له مێژووی سوپای مارینی ئه‌مه‌ریكی كه 6 هه‌زار و 852 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی تێدا كوژرا و 19 هه‌زاریش برینداربوون دوای 5 هه‌فته شه‌ڕكردنی سه‌ختی ژاپۆنییه‌كان له جه‌نگی دووه‌می جیهانی.
جه‌نگی ئۆكرانیا 27 رۆژه به‌رده‌وامه، بۆیه شاره‌زایانی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌و بڕوایه‌دان ئه‌گه‌ر زیانی گیانی رووسیا به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بێت ئه‌وا له‌ماوه‌ی ساڵێك شه‌ڕكردندا 121 هه‌زار سه‌رباز له سوپای رووسیا ده‌كوژرێت.
رۆژنامه‌ی زه واشنتۆن پۆست له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه زۆری زیانی مرۆیی كاریگه‌ری له‌سه‌ر وره‌ی سوپا هه‌یه، ئیڤلین فاركاس گه‌وره به‌رپرسی پێنتاگۆن له رووسیا و ئۆكرانیا له سه‌رده‌می ئیداره‌ی ئۆباما، ده‌ڵێت: "نموونه‌ی كوژرانی ئه‌و ژماره زۆره له هێزی رووسیا كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر وره‌ی ده‌روونی سه‌ربازه‌كان و پابه‌ندنه‌بوونیان به یه‌كه سه‌ربازییه‌كانه‌وه، به‌تایبه‌تی كاتێك سه‌رباز له جه‌نگدا نه‌زانێت هه‌واڵی به‌ره‌كانی دیكه‌ی شه‌ڕی پێنه‌گات".
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه له‌سه‌ر زاری ئه‌ندریه سۆڵداتۆڤ شاره‌زای ئاسایشی رووسیا-ه‌وه نوسیویه‌تی: "به‌ڵگه‌ی زیاتری ئه‌و چالێنجه‌ی كه تووشی سوپای رووسیا بووه، ئه‌وه‌یه كه هه‌فته‌ی پێشوو، ڤلادیمێر پۆتن سه‌رۆكی رووسیا به ناچاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی به دوو به‌رپرسی هه‌واڵگری كردووه و لێپێچینه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ دوو به‌رپرسی ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌ره‌كی رووسی FSB كردووه به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی زانیاری هه‌واڵگری ناڕاستیان پێشكه‌ش كردووه پێش پرۆسه‌ی داگیركردنی ئۆكرانیا".