بایدن: رووسیا دواین كارتی بهكارهێنا
"وڵاتانی ئۆقیانووسی گەورە (هیندستان، ژاپۆن، ئوستراڵیا) دژی رووسیا هاودەنگن"

K24 – ههولێر:
سەرۆکی ئەمهریکا ئاشكرای دهكات، رووسیا لە جهنگی دژ به ئۆکرانیا مووشەکی هایپەرسۆنیکی بەکارهێناوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووهتهوه کە سوپای رووسیا لە بارودۆخێکی خراپدایە.
جۆ بایدن، سهرۆكی ئهمهریكا رایگهیاند، بە مەبەستی هەنگاونانی پێویست لە پرسی جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا لە کۆشکی سپی لەگەڵ زیاتر لە 238 بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاكانی ئەمهریكا کۆبووەوە.
لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستانەی دژی رووسیا نواندوویانە، بایدن سوپاسی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری ئهو كۆمپانیا ئهمهریكیانه کرد و گوتی: "پوتن هەرگیز پێشبینی ئەوەی نەکردبوو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بەو شێوەیە یەگرتوو و هاودەنگ بن".
بایدن ئاماژه بهوه دهكات، وڵاتانی ئۆقیانووسی گەورە (هیندستان، ژاپۆن، ئوستراڵیا) دژی رووسیا هاودەنگن.
بایدن جەختی لەوە کردەوە، هەڵپەساردنی چالاکی و کارەکانی كۆمپانیا ئهمهریكییهكان له رووسیا گورزێکی گەورەی بە ئابووریی مۆسكۆ گەیاندووە. دهشڵێت: "ئەمهریکا لەماوەی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا جگە لە هاوکاری ئابووری بە بەهای دوو ملیار دۆلار هاوکاریی بەرگریشی پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە".
جۆ بایدن روونیكردهوه، سووپای ئۆکرانیا بە تێکشکاندنی تانک و هەلیکۆپتەرەکانی سوپای رووسیا گورزێکی کوشندەی به رووسیا وەشاندووە و گوتیشی: "هەر وەکو ئاگادارن هەفتەی رابردوو رووسیا لە ئۆکرانیا مووشەکی هایپەرسۆنیکی بەکارهێنا، ئەمە دوا کارت بوو کە رووسیا توانی دژی ئۆکرانیا بەکاری بهێنێت".