رووسیا ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەمەریکا دەردەکات

ئەمەریکا: ئەوەی مۆسکۆ دەیکات خزمەت بە پەیوەندییەکانی نێوانمان ناکات

ئاڵای رووسیا و ئەمەریکا
ئاڵای رووسیا و ئەمەریکا

K24 – هەولێر

حکومەتی رووسیا ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەمەریکا لە وڵاتەکەی دەردەکات و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش دەڵێ: ئەوەی مۆسکۆ دەیکات خزمەت بە پەیوەندییەکانی نێوانمان ناکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە لیستی ناوی ئەو دیپلۆماتکارانەیان پێگەیشتووە، کە مۆسکۆ بە کەسانی ناپەسند و نەویستراو ناوی بردوون و دەریان دەکات.

نێد پرایس راشیگەیاند: "ئەمە هەنگاوێکی دیکەی حکومەتی رووسیایە، کە خزمەت بە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و واشنتن ناکات".

داواشیکردووە، رووسیا دەست لە دەرکردنی بێ پاساوی دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا هەڵگرێت، چونکە ئێستا لە هەموو کاتێک گرنگترە هەردوو وڵات دیپلۆماتکاریان هەبێت، بۆ ئاسانکاریی پەیوەندییەکانیان.

حکومەتی رووسیا بڕیاری دەرکردنی ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەمەریکای دا، لە وەڵامی دەرکردنی 12 دیپلۆماتکاری رووس لەلایەن ئەمەریکاوە، کە لە نێردەی رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمیندارێتی گشتی رێکخراوەکە کاریان دەکرد.

Fly Erbil Advertisment