خەلیل زوبەیدی: سه‌رۆك بارزانی سیمبولی هەموو ئازادیخوازێکی عێراقە

"مەسرور بارزانی رۆڵی سەرەکیی لە وەرچەرخانی ئاوەدانی هەولێردا هەیە"

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

K24- هه‌ولێر:

نووسەرێکی عێراقی دەڵێت: سەرۆك بارزانی، سیمبولی نەك به‌ تەنها کورد، بەڵکو سیمبولی هەموو ئازادیخوازێکی عێراقە. باسی لەوەشکردوە، لە هەر سەردانێکیدا بۆ هەولێر، وەرچەرخانێکی نوێی ئاوەدانی دەبینێت، کە مەسرور بارزانی رۆڵی سەرەکی تێیدا دەبینێت، بەڵام لە بەغدا هەموو رۆژێك دۆسیەیەکی گەندەڵی خراپتر بەدیدەکرێت.

خەلیل زوبەیدی، نوسەری دیاری عێراقی، لە گوتارێکیدا بە ناونیشانی (پارتی و سەرکردایەتییەکەی.. لە تەرازوودا) کە لە ماڵپەری (صوت العراق) بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، لە ژیاننامەی پارتە سیاسییە کۆنەکانی عێراقدا، ناچاریت باس لە پارتی دیموکراتی کوردستان بکەیت، وەك یەکێك لە سەرکەوتووترین پارتە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ مەلا مستەفای بارزانی، کە بە درێژایی دەیان ساڵ بە ئاوارەیی، کاری بۆ ئامانجەکانی کورد و سەقامگیری و دیموکراسی کردووە و پێشەنگی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی بووە و هەموو رێگه‌یەکی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گرتووەتەبەر.

نووسەرە عێراقییەکە باسی لەوە کردوە، سەرۆك مەسعود بارزانی سەرەڕای گێرەشێوێنی ناوخۆیی و دەرەکی، بەردەوامی بە شۆڕش داوە و میکانیزمی گونجاوی گرتووەتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و شەڕی بەغدا.

"ئەم سەرۆکە نوێیەی حزب بە عەقڵیەتێکی هێمن و پڕ لە هیواوە کاریکردوە بۆ مافەکانی کورد، کە لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە، بۆیە لەم قۆناغەدا پارتی دیموکراتی کودستان پێشكەوتنێکی پڕ کوالێتیی بەخۆیەوە بینیوە و ناوبانگی خۆی لەناوخۆ و دەرەوەدا پاراستووە". ئەمە بەشێکە لە بۆچونەکانی خەلیل زوبەیدی لەسەر سەرۆك مەسعود بارزانی و پارتی.

هەروەها خەلیل زوبەیدی جەختی لەوەشکردوەتەوە، "بۆ ئەو دەستەکەوتانەی کورد لە ئەمڕۆدا بەدەستیانهێناون، حەقە بڵێن: کاك مەسعود نەك تەنیا سیمبولی خەباتی کورد، بەڵکو سیمبولی خەباتی ئەو عێراقیانەیه‌ کە ئازادیخوازن، لە کاتێکدا ئەو لایەنانەی 20 ساڵە عێراق بەڕێودەبەن شکست و سەرلێشێواوییان بەرهەمهێناوە، بۆیە هاووڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە شانازی بە مەسعود بارزانییەوە بکەن".

بەگوتەی خەلیل زوبەیدی، گەنجان رۆڵێکی سەرەکییان لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستاندا هەبووە، لەو چوارچێوەیەدا دەڵێت: "لە بواری سیاسی و ئاوەدانکردنەوەدا رۆڵی سەرەکی بەڕێز مەسرور بارزانی دەبینرێت، کە یەکێکە لە درەوشاوەترین رووخسارە گەنجەکانی ساڵانی رابردوو".

نووسەرە عێراقییەکە ئاماژەی بەوەشداوە، "پیرۆزبایی لە براکانمان لە کوردستان دەکەم، کە توانایان هەیە روبەڕوی کێشە و ناخۆشیی و مەترسییەکان ببنەوە و لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی سەرکردایەتی پارتیدا، بە بۆجوونی من باشترین کەس کە هەڵگری پەیامەکەیەتی کاك مەسرورە. ئەوەش کە دەیڵێم بۆ پیاهەڵدان نییە و بەشێکە لە راستییەکانی مێژوو، چونکە لە هەر سەردانێکدا بۆ هەولێر وەرچەرخانی ئاوەدانی بەدیدەکەیت، لە کاتێکدا لە بەغدا هەموو رۆژێك گەندەڵی و دۆسیەی ئابڕوبەرانە دەبینرێت".

بۆ خوێندنه‌وه‌ی گوتاره‌كه‌ی خه‌لیل زوبه‌یدی له‌ ماڵپه‌ڕی (صوت العراق)، كلیك له‌سه‌ر (ئه‌م لینكه‌) بكه‌

H.B

Fly Erbil Advertisment