زیاتر له 110 رۆژه بكوژانی نهقیبهكهی سلێمانی دهستگیرنهكراون
كهسوكاری نهقیب محهمهد: پێویسته ئهو تاوانبارانهی ناویان دههێنرێت، دهستگیربكرێن
K24 - ههولێر:
ماوهی 113 رۆژه بکوژانی نەقیبەکەی سلێمانی دەستگیرنەکراون، کەسوکارەکەشی له راگهیهندراوێكی هاوبهشدا ئاماژهیان بهوه كرد، هەرگیز ناچینە سەر فەرشی هیچ سوڵحێکی عەشایەری، ئاماژه بهوهش كراوه، پێداگرن لەسەر ئەوەی کە دەبێت تاوانبارەکان دەستگیر بکرێن و یاسا کاری خۆی بکات.
له راگهیهندراوه هاوبهشهكهدا هاتووه: بەڵێنەکان بۆ چارەسەرکردنمان و پێدانی هەر ئیمتیازێکی دیکەی یاسایی، مافێکی دەستەبەرکراوی خۆمانە و بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە کە بخرێتە بری بێدەنگبوون و چاوپۆشیکردنمان لە دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئەم کەیسە.
خوشکی نەقیب محەمەد پێشتر بە کوردستان24ی راگەیاند، وەک کەسوکاری نەقیب محەمەد پێیانوایە تاوانباران کوشتنی براکەیان لەلایەن بەرپرسێكهوه داڵدەدراون و نایەنەوێت رادەستی دادگایان بکەن.
ئەو خوشکەی نەقیب محەمەد کە پێی باش ناوی نەهێنرێت، گوتیشی، کاک قوباد کە سوێندی بەسەری باوکی خواردووە، کە تۆمەتباران دەستگیردەکرێن، کەچی وا چوار مانگە بەڵێنەکەی نەبردووتە سەر، بە قسەی ئەو، بەرپرسان زیرەکانە دەیانەوێت رووداوەکە کۆن بێت تا ئەوان ئیتر وازبهێنن لەو ڕێگەیەشەوە کەیسەکە دیزە بەردەخۆنە بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆچی لەو رووداوانەی کە خۆیان مەبەستیانە تۆمەتباران لە چەند کاتژمێرێکە قۆڵبەست دەکرێن، بەڵام کەیسی براکەیان چوار مانگە ئەمسەر و ئەوسەری پێدەکەن.
ئەو خوشکەی نەقیب محەمەد رەتیشیکردەوە بە سوڵحی عەشایەری دۆسییەکە دابخرێ و گوتی: نە کەس داوای سوڵحی عەشایەری لێکردووین و وە نە دەشیکەین.
روونیشیکردەوە، رووداوی کوژرانی براکەیان کاریگەری کردووهتە سەر تەندروستی هەموویان، دایکی بەردەوام فشاری بەرزدەبێتەوە و هاوسەرەکەشی دۆخی دەروونی باش نییە و بەردەوام بە رێگەی نەخۆشخانەوەن.
ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە پۆلیسە بریندارەکان نیوەی جەستەی لەکارکەوتووە و لەماڵەوە هیچ شتێکی بۆ نەکراوە، بەڵام کەسی خۆیان بوایە دەمێک بوو بۆ چارەسەر بردبوویانە دەرەوەی وڵات.
وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی پێشتر رایگەیاندبوو، کەیسی نەقیب محەمەد و سێ پۆلیسەکە رێوشوێنی باشی بڕیوە و ئیشەڵا لەماوەیەکی دوور و نزیکدا هەواڵی خۆش دەبیستین، بهڵام بهگوێرهی ئهو راگهیهندراوه هاوبهشهی لهسهر كهیسهكه بڵاوكراوهتهوه، هیچ بهرهو پێشچوونێك نییه.
هیوا کەریم بە کوردستان 24 گوت، دۆسییەکە لە پۆلیسەوە گواستراوەتەوە بۆ ئاسایش و لێکۆڵینەوەکان زۆر بەنهێنی و شاراوەیی دەکرێن.
سەبارەت بەو دەنگۆیانە کە دەوترێت تۆمەتباران لەلایەن بەرپرسێکی سەربازی دەربازی ئێران کراون، هیوان کەریم ئاماژەی بەوەکرد، ئەو قسانە تەنیا دەنگۆن و بۆ وروژاندنی رای گشتییە، هیچ بەڵگەیەکە بۆ ئەو قسانە نییە.
4ی 12ی 2021، مەفرەزەیەکی بەڕێوەبەرایەتی توندتیژی دژی ژنان لە سلێمانی لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک لە ناوچەی تانجەڕۆ، لەلایەن تۆمەتبارەکە و باوکییەوە دەستڕێژی گولـلەیان لێکرا لە ئەنجامدا نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتییەکە شەهیدبوو و سێ پۆلیسیش بە سەختی برینداربوون.
رووداوەکە کاردانەوەی زۆری لەناو هاووڵاتیان و چالاکوانان لێکەوتەوە و داوایانکرد بە زووترین کات تۆمەتبار دەستگیربکرێن، بەڵام ئێستا نزیکەی چوار مانگ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕیوە و کەس دەستگیرنەکراوە.
دهقی راگهیهندراوه هاوبهشهكه:
زیاتر لە 110 رۆژ بەسەر روداوی تەقەکردن لە سەیارەکەی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی تێپەڕیوە، کە لەناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، شەوی چواری دیسەمبەری 2021 رویدا.
تاوانبارانی ئەو هێرشە کە لەلایەن ئاسایشی گشتی پارێزگای سلێمانی و پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە داواکراون، هەتا ئێستا دەستگیرنەکراون و روونیش نییە کە ئایا هەر بە راستی توانیویانە دەربازی دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ببن یان هێشتا لەناوخۆی هەرێمدا ماونەتەوە.
ئێمە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمی خۆمان و بە فەرمانی دادوەر چووبووین داواکراوێک دەستگیربکەین، بەڵام بەداخەوە هێرشمان کرایە سەر. جگە لە شەهیدبوونی هاوکاری خۆشەویستمان نەقیب محەمەد هاوکات چواری دیکەش برینداربووین، کە برینی دوانمان سەختە و یەکێک لە بریندارەکان نیوەی لەشی لە جوڵە کەوتووە.
ئێمە وەک کەسوکاری شەهید نەقیب محەمەد لەتیف و دەربازبووە بریندارەکانی ئەو هێرشە، بەپێویستی دەزانین ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینەڕوو:
1- ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێ لە پەنابردن بۆ سوڵحی عەشایەری بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەیسەکە بەهەموو شێوەیەک دوورە لە راستییەوە. ئەم خوێنە رژاوە، ئەم بارە دەروونییە ناجێگیرەی کە ئێستا دەیگوزەرێنین لەگەڵ ئازاری ئەو فیشەکانەی بەجەستەمانەوەیە بەهیچ شێوەیەک قابیلی هیچ سوڵحێک نییە. ئێمە جەختدەکەینەوە و پێداگرین لەسەر ئەوەی کە دەبێت تاوانبارەکان دەستگیر بکرێن و یاسا کاری خۆی بکات. ئێمە کە بۆ جێبەجێکردنی یاسا چووبووین، هەرگیز ناچینە سەر فەرشی هیچ سوڵحێکی عەشایەری.
2- تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە بەسەر دەستگیرنەکردنی تاوانبارەکانی ئەم کەیسە سەرباری بەڵێنەکان و هاتنە سەرخەتی خودی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێی پرسیارە بەلای ئێمەشەوە. وێڕای سوپاس و رێزمان بۆ برادەرانی پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان کە بەچەندان شێوە هاوخەمی و دڵسۆزی خۆیان بۆ دووپات کردوینەتەوە. بەڵام ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ئێمە پێویستە وەک روداوێکی گەورەتر سەیر بکرێ بەلەبەرچاوگرنتی پلە سەربازییەکەمان و ئەو راستییەش کە ئێمە لەجێبەجێکردنی ئەرکدا هێرشمان کراوەتە سەر.
3- ئەوانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناویان دەهێنرێ و دەوترێ دەستیان هەبووە لە داڵدەدان یان رەوانەکردنی تاوانبارەکان بۆ دەرەوەی هەرێم، پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێ. هاوکات ئەگەر دەنگۆی راکردنیان بۆ دەرەوەی هەرێم راستە، ئەوا داوادەکەین بە فەرمی بۆ هەموان و رای گشتی روونبکرێتەوە کە تاوانبارەکان چۆن توانیویانە دەربازی دەرەوەی هەرێم بن.
4- ئێمە وەک بریندارەکان هێشتا لە چاوەڕوانی بەڵێنەکانداین بەمەبەستی بردنە دەرەوەمان بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە هێشتا هیچکام لەو بەڵێنانە جێبەجێنەکراون. هەربۆیە بەپێویستی دەزانین جارێکی دیکە وەبیری هەمووانی بهێنینەوە کە ئەوەی ئێمە دەچێژین لە ئازاری جەستەیی و دەروونیی، پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی خێرا هەیە.
5- بەڵێنەکان بۆ چارەسەرکردنمان و پێدانی هەر ئیمتیازێکی دیکەی یاسایی، مافێکی دەستەبەرکراوی خۆمانە و بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە کە بخرێتە بری بێدەنگبوون و چاوپۆشیکردنمان لە دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئەم کەیسە.
لەگەڵ رێزی دووبارەمان
ئاڵا لەتیف لە جیاتی خێزانی شەهید نەقیب محەمەد لەتیف
ئارام قادر
ئاکام هیدایەت
رێباز عومەر
سیروان حەسەن