سه‌در: رۆژی چوارشه‌ممه‌ ژوانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ هه‌یه‌ كه‌ كار بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و پاشكۆیه‌تی ده‌كه‌ن

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ روویدا جوانترین تابلۆی هونه‌ری عێراقی بوو

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در

K24- هه‌ولێر:

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئاماده‌بوون و جه‌ختیشكرده‌وه‌‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ ژوانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ هه‌یه‌، كه‌ كار بۆ نه‌هێشتن و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی، پاشكۆیه‌تی و سیسته‌می ته‌وافوقی ده‌كه‌ن.

له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی تویته‌ر، سه‌در نووسیویوتی: به‌ناوی خودای پایه‌به‌رز:

سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ دانیشتنه‌كه‌دا بۆ خۆشه‌ویستییان بۆ عێراق به‌شدار بوون.

سوپاس بۆ ئیمتیداد، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هاوپه‌یمانی ئیمتیداد. سوپاس بۆ نه‌وه‌ی نوێ. سوپاس بۆ برایانی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌مانه‌ نه‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ترساندوویانه‌ و نه‌ بۆ ماڵی دونیاش له‌خشته‌ براون.

ژوانی ئێوه‌ له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌بێت، كه‌ به‌ جددی كار بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، پاشكۆیه‌تی و ته‌وافوقی ده‌كه‌ن، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ حكومه‌تی ته‌وافوقی:

حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی.

ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ "تێكه‌ڵكاریی بۆنفرۆشه‌كان".. ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌مان سه‌لماند و چه‌سپاند، كه‌ هیچ شوێنێك بۆ پشكپشكێنه‌ نه‌ماوه‌.. جوانترین تابلۆی هونه‌ری عێراقی نه‌ شه‌رقی و نه‌ غه‌ربی بوو.

تویته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در
تویته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در

H.B