وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر گڵکۆی دامەزرێنەری ئیسرائیل لەگەڵ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی پێنج وڵاتی عەرەبی کۆدەبێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کۆبوونەوەکەی بە "لوتکەی مێژوویی" وەسف دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن

K24 - هەولێر:

لە دیدارێکی مێژووییدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن لە ئیسرائیل لەگەڵ پێنج وڵاتی عەرەبی کۆدەبێتەوە کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "فێرست پۆست"، ئانتۆنی بلینکن دوێنێ 26ـی ئاداری 2022 بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پێنج وڵاتی عەرەبی گەیشتە تەلئەبیب.

بلینکن لە ئیسرائیل لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی مەغریب، میسر، بەحرەین، جەزائیر و ئیمارات لەسەر ئەو گۆڕانە خێرایەی لە پەیوەندیەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لە کۆتایی 2020 روویدا کۆدەبێتەوە.

کۆبوونەوەکە لە گڵکۆی بێن گوریۆن دامەزرێنەری ئیرائیل، لە ناوەندێکی پەروەردەیی و قوتابخانەیەکی تەختەیی لە باشووری ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت، یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کۆبوونەوەکەی بە "لووتکەی مێژوویی" وەسفی کرد.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن دوو کێشەی سەرەکی تر لە بەرنامەی گەشتەکەدان: رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل سەبارەت بە رێکەوتنی ناوەکیی لەگەڵ ئێران دا، هەروەها باسکردن لە ئەگەری کورتهێنانی گەنم لە جیهاندا کە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە دەتوانێت گورزێکی قورس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات بەهۆی پشتبەستنی ناوچەکە بە بەرهەمی گەنمی رووسیا و ئۆکرانیاوە.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ پەیوندیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یێل لێمپرت لە پێش گەشتەکە گوتی: "ئێمە دەزانین بارێکی قورس دەکەوێتە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکوور، بەهۆی ئەوەی زۆربەی وڵاتانی ئەم دوو ناوچەیە لە %50ـی گەنمی وڵاتەکانیان لە ئۆکرانیاوە هاوردە دەکەن، جەنگ بەردەوام نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک نان بەرز دەکاتەوە و داهاتی خێزانەکان بەرەو کەمی دەبات."

H.H

Fly Erbil Advertisment