ئه‌نقه‌ره نیو ملیۆن په‌نابه‌ری سووریا له ناوچه‌كانی باكووری سووریا نیشته‌جێ ده‌كات
پێشتر خه‌ڵكی كوردیی ناوچه‌كه ئاواره بوون و ئێستا په‌نابه‌رانی سووریا له جێگه‌یان نیشته‌جێ ده‌كرێن
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی كۆچ له وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا، سواش ئۆنلۆ، گوتی: نیو ملیۆن په‌نابه‌ری سووریا گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه بۆ وڵاته‌كه‌یان و له‌و ناوچه ئارامانه‌ی باكووری سووریا نیشته‌جێ كراون، كه توركیا به توانای خۆی درووستی كردوون.
گوتیشی: توركیا 3.7 ملیۆن په‌نابه‌ری سووریا و 300هه‌زار په‌نابه‌ری وڵاتانی دیكه‌ی له خۆ گرتووه.
هه‌روه‌ها گوتی: چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌نابه‌ران، پێویستی به دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری هۆكار و سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كانه.
توركیا له‌و ناوچانه‌ی كه‌وتوونه‌ته سنووری ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كانییه‌وه، به تایبه‌تی ناوچه‌كانی سنووری عه‌فرین، كه‌مه‌ره‌یه‌كی ئه‌منی درووست كردووه.
پێشتر توركیا رایگه‌یاندبوو، ئامانجی له داگیركردنی ناوچه‌كانی باكووری سووریا درووستكردنی په‌ناگه‌یه‌كه بۆ په‌نابه‌رانی سووریا.
نیشته‌جێكردنی نیو ملیۆن په‌نابه‌ری سووریا له‌و ناوچانه‌ی كه‌وتوونه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپای توركیا به مه‌ترسی بۆ سه‌ر ره‌وشی دیموگرافی ناوچه‌كه لێكده‌درێته‌وه، به‌و پێیه‌ی دانیشتوانی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه كوردن و به‌شێكیان به هۆی ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كانه‌وه ئاواره بوون.