ورچ هێرش دەکاتە سەر گوندی ئۆرە لە بەرواری باڵا
گوندەکە لە بەر بەفربارین و نەمانی رێگا و شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا چۆڵکرابوو

K24 - دهۆک:
لە 20ی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021ی رابردوو، و لەبەر نەمانی ئەو تاکە رێگایەی کە دەچێتە گوندی (ئۆرە) بە هۆی بارینی بەفرێکی زۆر و هەبوونی شەڕ لە نێوان پەکەکە و تورکیادا، گوندنشینانی گوندەکە کە سەر بە ناحیەی کانی ماسێ یە لە سنووری قەزای ئامێدی(ئۆرە)، گوندەکەیان چۆڵکردبوو.
ئەحمەد ئەرەدنی، موختاری گوندی ئۆرە بۆ کوردستان24 راگەیاند، " لە دوای کەمبوونی بەفر بارین وئاسییبوونەوەی رێگا، دوێنێ هەندێک لە خەڵکی گوندەکە گەڕانەوە گوندەکەیان، و بینییان کە ورچ کەوتووتە نێو 7 – 8 ماڵی گوندەکەیان و تێکڕای ناوماڵی و دەرگا وپەنجەرە و کەلوپەلی ماڵەکان تێکداوە و هەموو پرۆژەکانی بەخێوکردنی هەنگ لە گوندەکەیان خاپووکردووە".
موختاری گوندەکە ئەوەشی گۆت، " زیانە مادییەکانی گوندەکەمان بە هۆی ئەم هێرشە ورچەکان، بە زیاتر لە 10 میلیۆن دینار دەخەمڵێندرێن".
